نوچە: شەفەق نیوز
سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی دەڵێت، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، ناڕەزایی خۆی بە نیسبەت کاندیدی کردنی چوار کەسایەتی بۆ وەزارەتەکان ئاشكرا کردووە و لەم بارەیەوە ڕەخنەی توندی ئاراستەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کردووە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، هاوپەیمانی فەتح لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقی، ناڕەزایی خۆی سەبارەت بە گۆڕینی لیستی ئەندامانی کابینەی کازمی خستۆتەڕوو.
ئەو کاندیدایانەی، کە ناوهێنانیان لە پێکهاتەی کابینەی حکومەت ناڕەزایی ڕەوتی عامری بە داوە بووە، بریتین لە حارث حسن، هاشم داود، حسن ناظم و کاظم السهلانی.
بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ پێدانی دەنگی متمانە بە پێکهاتەی حکومەتی کازمی ڕۆژی سێشەممە یان چوارشەممە کۆبێتەوە.