نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆک فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، باسکردنەوەی پرسی لامەرکەزیەتی سلێمانی زیان بە قەوارەی سیاسی هەرێم دەگەیەنێت.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک فراکسیۆن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جارێکی تر پرسی لامەرکەزیەت بوونی پارێزگای سلێمانییان جوڵاندەوە، هەروەها بە فەرمانی ژمارە ٢٩٠ كە ئیمزای ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەرە، لیژنەیەكی كاتی ٩ كەسی بەمەبەستی ئامادەكردنی پڕۆژەی لامەركەزی بۆ پارێزگاكە پێكهێنراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە جوڵاندنی پرسی پڕۆژەی لامەرکەزیەتی سلێمانیەوە، رایگەیاند: ئەم جۆرە پڕۆژە و باسانە دەبێت هۆی دروستبوونی فەوزای سیاسی و دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و زیان بە قەوارەی سیاسی هەرێمیش دەگەیەنێت، چونکە ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ژێر هەرەشەدایە لە لایەن هەندێک لایەنی توندڕ و ئەوانەی، کە دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی گوتیشی “هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەیە کیشەکانی چارەسەر بکات و خزمەت بە خەڵکی هەرێم بکات، پێویستە سەرجەم لایەنەکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی لەم دۆخەدا دەربازی بکەن و واز لەو جۆرە پڕۆژانە بهێندرێت، کە دەبێت دروستبونی فەوزای سیاسی و ناکۆکی لە نێوان لایەنەکانی هەرێم”.
محەمەد ئیلخانی، دەشڵێت “لە هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی پارێزگاکان هەیە و هەوڵدەدرێت، کە ئەنجوومەنی قەزاکان و ناحیەکانیش پێکبهێندرێت، هەموو حکومەتەکانیش هەوڵیانداوە سیستەمی لامەرکەزیەت پەیڕەو بکەن، یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش سیستەمی لامەرکەزیەت بووە، ئەگەر ئەم سیستەمە میکانیزمەکەی بگۆڕدرێت و باشتر بکرێت، ئەوا تەنها بۆ یەک پارێزگای هەرێمی کوردستان ناکرێت، دەبێت بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێم بێت، چونکە بەپێی یاسا و دەستوور هیچ شتێکی واماننیە، کە تایبەتمەندی بدرێتە پارێزگایەک بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزیەت”.
لە بارەی یاسایی بوونی لامەرکەزیەت راشیگەیاند “بەپێی دەستووری عێراقی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سێ پارێزگا پێکهاتووە و ئێستا بووەتە چوار پارێزگا، بەو جۆرەش حکومەتی عێراقی، یاسا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە دەکات”.