نەوزاد عەلی-سلێمانی
جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئێران لە دابینکردنی غاز و کارەبا بۆ عێراق.
ئەمریکا ماوەی مانگێکی دیکە مۆڵەتی بە عێراق داوە بۆ کۆتاییهێنانی کڕینی کارەبا و غاز لە ئێران، دەبێت دوای ئەو ماوەیە عێراق جێگرەوەی ئێران بدۆزێتەوە بۆ دابینکردنی وزە، ئەگەر ئەمریکا ماوەکەی بۆ درێژ نەکاتەوە ناتوانێت کارەبا و غاز لە ئێران بکڕێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، گوڵیزار ڕەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دابینکردنی غاز و کارەبا بۆ بەغدا رایگەیاند: بەو پێیەی هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی باشی غازی سرووشتییە و لە عێراقەوە نزیکە، دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئێران لە دابینکردنی غاز و کارەبا بۆ عێراق، لە سەردانی ڕابردووی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، وەزیری کارەبای عێراق زۆر بەڕوونی لەسەر ئەو بابەت گفتوگۆی لەگەڵ شاندەکەی هەرێم کردووە.
هەروەها گوڵیزار رەشید گوتیشی “هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆژانە ٢٥٠ ملیۆن مەتر سێجا غازی سرووشتی بەرهەم بهێنێت، کە ئەمەش بڕێکی باشە و دەتوانێت غازی پێویست بۆ عێراق دابین بکات، لە هەمان کاتدا مەودای گواستنەوەکەشی بۆ عێراق ئاسانتر دەبێت وەک لە وەی لە ئێرانەوە غاز هاوردە بکات، ئەوەش لە ڕووی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان سودێکی زۆری دەبێت”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی بۆچوونی زۆربەی شارەزایانی وزە لە داهاتوودا غازی سرووشتی جێگای نەوت دەگرێتەوە و بەرهەمهێنانی بەپێی خواستە، ئەمەش دەبێتە کارتێکی بەهێز بەدەست هەرێمی کوردستانەوە.
گوڵیزار رەشید دەشڵێت “شاندەکەی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا لە بەغدا-ن گفتوگۆ لەسەر چەندین پرسی گرنگ دەکەن، هەر کاتێک شاندەکە گەڕانەوە، ئێمەش وەک لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵیان دادەنیشین، تاکو بزانین چۆن گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا کردووە”.