پەرلەمانتارێک: شیعەکان هەندێک نەرمیان نواندووە

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی 

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەندێک دەسەڵات دراوەتە مستەفا کازمی ژمارەیەک لە وەزارەتەکان خۆی کاندیدیان بۆ دیاری بکات.

دوای ڕێککەوتنی لایەنە شیعەکان لەسەر ڕاسپاردنی مستەفا کازمی، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وادەردەکەوت، کە ئاسانکاری بۆ زوو پێکهێنانی کابینەکەی بکرێت و کەمترین دەستوەردانی حزبی تێدابێت، بەڵام ئەوە بە پێچەوانەوە دەرچوو، ئەم کابینەیەش هاوشێوەی ئەوانی دیکە بەهۆی پشکپشکێنەی حزبەکانەوە تا ئێستا نەتوانراوە پێکهاتەی کابینەکە دیاری بکرێت.    

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت، ڕایگەیاند: لەسەرەتای ڕاسپاردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، وادەردەکەوت ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی کابینەکەی بکرێت، بەڵام بە هۆی فشاری زۆری لایەنەکانەوە  لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ پێکهێنانی کابینەکەی قورستربووە و ڕەنگە ئەویش هاوشیوەی ئەوانی دیکە لە پێکهێنانی حکومەت بکشێتەوە”.  

دووبەردانی دەڵێت “زانیاریمان پێگەشتووە، کە شەوی ڕابردوو شیعەکان، هەندێک نەرمییان نواندووە بۆ ئەوەی ئەم کابینەیە شکست نەهێنێت و زوو حکومەتەکە پێکبهێنرێت. بەوەی، کە جۆرێک لە دەسەڵات دراوەتە مستەفا کازمی، ژمارەیەک لە وەزارەتەکان خۆی کاندیدیان بۆ دیاری بکات”.                  

 پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، گفتوگۆی لایەنە شیعەکان لەگەڵ مستەفا کازمی لەسەر ئەوەیە، کە دەڵێن، بۆچی کاندیدەکانی کورد و سوننە قبوڵ دەکات، بەڵام کاندیدی شیعەکان ڕەتدەکاتەوە. گوتیشی “نەرمی شیعەکان بە هۆی دۆخی خراپی عێراقەوەیە لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، خراپی ئابووری، فشاری ناو خۆیی، فشاری هەرێمی و نێودەوڵەتی”.        

دووبەردانی دەشڵێت “باسی ئەوە هەیە، کە لە هەفتەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ متمانەدانە بە کابینەکەی مستەفا کازمی کۆبوونەوە ئەنجامبدات، بەڵام تائێستا لەسەر کۆبوونەوەکە هیچ شتێکمان بەفەرمی پێنەگەیشتووە وەک پەرلەمانتاران”.         

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com