نوچە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تەقینەوەکەی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، ئەم هێرشانە لە هیچ لایەنێکی بەشدار لە ململانێکانی سوریا قبوڵناکرێت.
بەپێی دوایین زانیارییەکان لە تەقینەوەکەی دوێنێی بازاڕی عەفرین، ٥٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٧٦ کەسی دیکەش برینداربوون. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، تەقینەوەکە بەهۆی تەنکەرێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە لەسەر رێگەی ناوچەی راجوو، ئەوانەی برینداربوون بەشێکی زۆری جەستەیان سووتاوە. ئەوانەیشی گیانیان لەدەستداوە بەشێکی زۆریان بەهۆی سووتانەوە بووە.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە توویتێکیدا رایگەیاندووە: هێرشەکەی عەفرین بۆ سەر خەڵکی بێتاوان، هێرشێکی تیرۆرستییە و لە هیچ لایەنێکی بەشدار لە ململانێکانی سووریا قبوڵناکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، ئەمریکا لە دوای ئەم هێرشە جارێکی دیکە داواکەی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەری لەسووری دووپاتدەکاتەوە.
هەر زوو وەزارەتی بەرگریی تورکیا راستەوخۆ یەپەگەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) تورکیای تۆمەتبارکرد و رایگەیاند: داگیرکاریی تورکیا بە پشتبەستن بە گروپە چەکدارەکانی، دەرگای بۆ هێزە پەڕگیرەکان کردووەتەوە تاوەکو ئەم کردەوە ترسنۆکانە بکەن.

بەگوێرەی مالپەڕی ANF کە سەربە پەکەکە-یە دەڵێت، تەقینەوەکە لە نزیک باڵەخانەی شارەوانی کۆنی عەفرین، کە دوای داگیرکردنی عەفرین وەک ناوەندی جەتەکانی دەوڵەتی تورک بەکاردەهێنرا، تەنکەرێکی پڕ لە تەقەمەنی تەقیەوە. بە پێی زانیاریەکان لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا زیاتر لە ٦٠ چەتە کوژراون و ژمارەیەکی زۆر چەتەش برینداربوون.
عەفرینین و دەورووبەری لە ئاداری ساڵی ٢٠١٨-وە لەلایەن تورکیا و لەڕێگەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە داگیر کرا. بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣٢٠ هەزار دانیشتووی شارەکە و دەورووبەری.