ئەسعەد مورادی
سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسى کۆرۆنا بەرۆکى بە جیهان گرتووە و بەدواى خۆشیدا دابەزینى نرخى نەوتی هێنا، لەم دۆخەدا دەوڵەتان و میلەتانى جیهان و سیستم و ئیدارە و حوکمڕانیەکانیانى کەوتوونەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکى گەورە؛ حکومەتی عێراقیش بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و کەمبوونەوەی ئابوورییەکەی و داپۆشینی ململانێی نێوان لایەنە و گروپە شیعەکان، کە ململانێیانە لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران و پڕکردنەوەی پۆستەکان، دەستی بۆ کارێکی نایاسایی و نادەستووری برد، کە ئەویش بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمە، پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە.
عێراق وەک پێشتر هەوڵ دەدات ناکۆکی نێوان لەیەنە سیاسییەکانی هەرێم قوڵتر بکاتەوە بەر بە یەک هەڵوێستییان بگرێت، بەتایبەت لەم کاتەدا یەکڕیزی نێو ماڵی کورد کەوتووەتە مەترسییەوە. بۆیە وەک بینیمان لەیەنەکان یەکدی تۆمەتبار دەکەن لەجیاتی ئەوەی بە یەک هەڵوێستی دژی ئەو پێشێلکارییەی بەغدا بووەستنەوە.
کێشەکان لە کوێوە دەستی پێکرد؟
پێگەى (سومەریە نیوز) راپۆرتێکى لەبارەى دوا هەواڵ و پێشبینیەکان بۆ دۆخى ئابورى عێراق و چارەنوسى موچەى فەرمانبەران (کە 70%ى بودجەى بەکاربردن پێکدەهێنێت) خستوەتەڕوو و لە راپۆرتەکەدا لە زارى چاودێرانى بارودۆخى عێراقەوە نوسیویەتى؛ بەرەو سیاسەتى سکهەڵگوشین دەڕۆین و وڵات بەرەو دۆخێکى ئابورى خراپ هەنگاو دەنێت، ئەوەش وایکردووە حکومەتى عێراق چاوى لە کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و بەرزکردنەوەى باجە، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و کورتهێنانێکى گەورە لە بودجەى گشتى.
بە بۆچونى پسپۆڕان، عێراق ئێستا لە حاڵەتى گێژاوى ئابووریدایە، بەهۆى ئەو لێدانە گەورەیەى لە ئەنجامى داتەپینى نرخى نەوت توشى بووە و بەڵێنەکانى چاکسازیش جگە لە بەڵێنى بریقەدار، کە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکان بە خەڵکیان داوە هیچى تر نەبووە و هەر کات نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا دابەزی بێت، حکومەت پەناى بردووەتە بەر زیادکردنى باج و رسومات و بیرکردنەوە لە کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و خانە نشینان.
لەو راپۆرتە ئاماژە بەوە کراوە؛ موچەى فەرمانبەران و خانەنشیان بە زەحمەت بەشى ژیانیان دەکات، بۆیە ئێستا هاوڵاتى عێراقى بوە بە بارمتەى کۆمەڵێک سیاسەتى خراپ و شکستخواردو کە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکان لە چەند ساڵى رابردودا پەیڕەویان کردوە و لەسایەى ئەم سیاسەتەشەوە رۆژ بە رۆژیش بارى ژیانى هاوڵاتیان سەختتر دەبێت، “لەکاتێکدا عێراق وڵاتێکى ئەوەندە دەوڵەمەندە بەسامانە سروشتیەکان کە زۆربەى وڵاتان خۆزگەى پێدەخوازن، لە ئیستاشدا دابەزینى نرخى نەوت مەترسی گەورەى دروستکردووە لەبەر ئەوە حکومەت نەتوانێت لە چەند مانگى داهاتوودا موچەى فەرمانبەران دابین بکات”.
سامرغەزبان، وەزیرى نەوت و جێگرى سەرۆک وەزیران بۆ کاروبارى وزە، رایگەیاندووە، کە حکومەت بیر لە کەمکردنەوەى رێژەیەکى دیارى کرا و لە دەرماڵەى فەرمانبەران دەکاتەوە، بەڵام موچەى بنەڕەتى دەستکارى ناکرێت.
غەزبان بە سۆمەریە نیوزى گوتووە؛ بەهۆى دامەزراندن و خانەنشینى و گەڕاندنەوەى کەسانێکى زۆر بۆ کەرتى ئاسایش، قەبارەى موچە پێدان زۆر لەساڵانى پێشوو زیاتر بووە و ئێستا پێویستمان بە (45) ملیار دۆلار هەیە بۆ موچە.
هەرچەندە لە ئێستاوە گومان لەوە هەیە، کە حکومەتى عێراق بیر لە کەمکردنەوەى موچە دەکاتەوە، بەڵام غەزبان دڵنیاى دەدات بەوەى ئەم مانگە (واتە مانگى نیسان) موچە بەتەواوى دەرماڵەوە دەدرێت تا ئەوکاتەى بڕیارى کۆتایی دەدرێت.
زرخام محەمەد عەلى پسپۆرى ئابورى دەڵێت “رێوشوێنەکانى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و پاشکەوتکردنى بە خراپترین چارەسەر دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنى کەمى داهات، لەبەرئەوەى موچە بزوێنەرى ئابورى وڵات و هەموو پیشەکان و بازاڕ و کەرتى تایبەتە و ئەگەر کەمکرایەوە کاریگەریەکانى لە جوڵەى بازاردا دەردەکەون”.(١)

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری سكرتێرى گشتي نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، ناكرێت موچه و شايسته داراييهكانى ههرێمى كوردستان بكرێنه پرسێكى سياسى و بڕینی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن بهغداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 28ی نیسانی 2020 لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنهرى سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد، داواى له نوێنهرى سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان كرد، كه بۆ چارهسهركردنى پرسی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لهگهڵ بهغدا، رۆڵى خۆى بگێڕێت.
مەسروور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان-یش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنهرى سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق دەڵێت، ههر له سهرهتای دهستبهكاربوونی كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستان، سهردانی بهغدایان كرد و نیازپاكی خۆیان بۆ چارهسهركردنی كێشهكان له سهر بنهمای دهستوور نیشاندا و چهندین پێشنیاریشیان بۆ چارهسهكردنی كێشه ههڵپهسێردراوهكان خستهڕوو كه سهرهنجام له كۆتایی ساڵی رابردوو، حكومهتی ههرێم و حكومهتی فیدرالی گهیشتنه لهیهكگهیشتنێكی باش له بارهی نهوت و شایسته داراییهكانی ههرێم به جۆرێك كه حكومهتی ههرێم 250 ههزار بهرمیل نهوت رادهستی بهغدا بكات و حكومهتی فیدراڵیش بڕی (900) نۆسهد ملیۆن دۆلار وهك موچه و شایستهی دارایی بۆ ههرێمی كوردستان بنێرێت، بهڵام بهداخهوه دواتر كاربهدهستانی بهغدا ئامادهییان بۆ جێبهجێكردنی نهبوو.
سهرۆكی حكومهت جهختی لهوهش كردهوه، كه نابێت حكومهتی فیدراڵی بابهتی موچه و شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان وهكو كارتێكی سیاسی و سزادان له دژی هاوڵاتیانی ههرێم بهكاربهێنێت، كه ئهمه دژی مافه دهستوورییهكانی ههرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی ههرێمه.

د. ڕێبین سهلام، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە (باسنیوز)ی راگەیاندووە، دەبوایە سەرکۆماری عێراق بە شێوەیەکی کرداری پارێزەری دەستوور بێت، تاوەکو هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت مافە دەستووری و یاساییەکان لە عێراق پێشێل بکات، کەچی ”ئەمەی نەکردووە و بگرە خۆی بە پێشێلکاریی دەستووری تۆمەتبارە“. هەرچەندە ئەوە یەکەمین تاقیکردنەوەیە بۆی ئاخۆ دژی مووچەی راگیراوی فەرمانبەرانی کوردستان دەوەستێتەوە یان نا؟.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ رەخنەی لەوە گرت کە بەرهەم ساڵح لە جێگەی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە، تاوەکوو جارێکی دیکە لە پۆستەکەیدا دابنرێتەوە.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بە دووری نازانێت سەرکۆمار لە پێناو قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی لە بابەتی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردبێت، چونکە ”دەیەوێت لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییەوە دەرچەیەک بۆ مانەوەی خۆی لە پۆستەکەی بدۆزێتەوە، پێشتریش هەر بەم شێوەیە گەیشتووەتە پۆستەکەی“.(٢)
کێشەکە چارەسەر دەبێت
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند “بابەتی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە چارەسەر دەبێت و ئەوان وەکو دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، کە یەکێک لەو کارانەش بەدواداچوون و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە”.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند “دواخستن و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کارێکی نایاساییە و جێگای قبوڵ کردن نییە، چونکە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ و دوای گلدانەوەی بەشە نەوتی رادەستنەکراو، پێویستە لەسەر حکومەتی فیدراڵ ئەو بەشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە دەمێنێتەوە بینرێت”.
گوتیشی: “دوای ئەوەی نووسراومان کرد بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی کار بە نوسراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نەکات بۆ راگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا خەریکە کێشەکان چارەسەر دەبن چونکە ئەو نوسراوەى ئێمه پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی بتوانێت کاری لەسەر بکات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت”.
حەداد ئاماژەی بە ئەوەش دا کە ئەوان لەسەر کاری خۆیان بەردوام دەبن و بەرگری لە ماف و قووتی خەڵکی کوردستان و تەواوی گەلی عێراق دەکەن، قسەی نابەجێ و نەشیاوی ژمارەیەک کەسیش ساردیان ناکاتەوە.
سەرچاوەکان:
١_ https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=22496
٢_ http://www.basnews.com/index.php/so/news/kurdistan/599755