نەوزاد عەلی-سلێمانی
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری بڕینی بەشە موچەی هەرێم زیاتر پرسێکی سیاسییە و بەغدا دەیەوێت وەک کارتێکی فشار بەکاری بهێنێت.
بەبیانووی ڕادەستنەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستان، بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی ڕاگرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا سیستەمی دارایی ٢٠١٩ جێبەجێ دەکرێت و دەبوایە تا پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٠ عێراق بەردەوام بوایە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، سەبارەت بە بڕینی بوودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە، ڕایگەیاند: من وای دەبینم ئەم بڕیارەی بەغدا پرسێکی سیاسییە و دەیەوێت وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنێت، کە ئەمەش کارێکی هەڵەیە، چونکە لە کۆتاییدا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و ئەو پارەیەی، کە بۆی ڕەوانە دەکرێت، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، بۆیە ناکرێت مامەڵەی سیاسی لەگەڵدا بکرێت.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەشڵێت “بەرپرسیاریەتی چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە پلەی یەکەم، لەسەر شانی حکومەتی عێراقە و هیوادارین ئەمە تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت، تەمەننا دەکەین بە زووی چارەسەر بکرێت و حکومەتی عێراق موچە و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات”.
ئایدن مەعروف گوتیشی “پێویستە هەموو لایەنەکانی هەرێم بەبێ جیاوازی لەم کاتەدا یەک هەڵوێست و یەکڕیزبن لەم جۆرە پرسانەدا و پاڵپشتی تەواوەتی حکومەتی هەرێم بکەن، چونکە حكومەتی هەموو خەڵکی کوردستانە و دەبێت لایەنە سیاسییەکان خۆیان بەدوور بگرن لە موزایەداتی سیاسی”.