نوچە
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پیاوێکی تەمەن ٧٥ ساڵان لە هەولێر، کە دانیشتووی گروپی ئەندازیارانە، دوای گیانلەدەستدانی دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنا بووە.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، ١١ توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای هەولێر دەستنیشانکران، کە چوار پیاو و چوار ئافرەت و سێ منداڵ بوون.
بە گوتەی وەزارەتی تەندروستی، پیاوێک کە تەمەنی ٧٥ ساڵان بووە و دانیشتووی گروپی ئەندازیارانی شاری هەولێرە دوای ئەوەی گیانی لەدەستداوە، دەرکەوتووە توشبووی کۆرۆنایە. توشبووەکانی دیکەش هەموویان خەڵکی سۆرانن.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئەوەشهاتووە، تووشبووەکانی سۆران هەموویان بەرکەوتووی تووشبووی پێشوون.
دوای تۆمارکردنی ئەو ژمارەیە، ئێستا ٣٦٦ کەس لە هەرێمی کوردستان توشی کۆرۆنا بوون، ٣٢٢ کەسیان چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە چواریان لە سلێمانین و کەسێکیشیان لە هەولێرە.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی:
دەرەنجامی نوێ …
لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، یازدە تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای هەولێر دەستنیشانکران، چوار پیاو و چوار ئافرەت و سێ منداڵ لە نێویاندا پیاوێکی تەمەن ٧٥ ساڵ دانیشتووی گروپی ئەندازیارانی شاری ھەولێرە دوای گیانسپاردنی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو وە ئەوانی تر ھەموویان دانیستووی قەزای سۆرانن و بەرکەوتە و خانەوادەی تووشبووێکی پێشوون.
وەزارەتی تەندروستی
٢٨ نیسان ٢٠٢٠