نوچە
ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ (دووشەممە 2020.4.27) پارێزگاری هەولێر لە کاتی کردنەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەولێر، جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوونی هاوڵاتیان بە پابەندییە تەندروستییەکان کرد و گوتی هێشتا لە قۆناغی مەترسیی پەتای کۆرۆنا دەرنەچووین.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد “کردنەوەی ئەم کارگەیە لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی ئەوەیە کوردستان لە بواری تەندروستی و بەتایبەت دەرماندا پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئێمەش هەرچی لە تواناماندا بۆ پشتیوانیکردن و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بەتایبەتی لە بواری دەرماندا درێغی ناکەین”.
لەبارەی گرنگی ئەو کارەگەیەوە گوتی “ئەم هەنگاوەی ئاڤا میدیکا، کە ناویەتی هاوکات دەرمان هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکات، یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەیە کە جێگەی دەستخۆشییە و هیوادارین کارگەکانی دیکەش پەرە بستێنن و هەرێمی کوردستان بەرەو بووژانەوە لە بواری پیشەسازیدا بەرەوپێشەوە بچێت”.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد: “لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم داوا لە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەم، کە هەنگاوەکانی خۆپارێزی بەوپەڕی حەزەرەوە بنێن و پابەندی ئەو ڕێنماییە تەندروستیانە بن، کە هەن، چونکە ئێمە ئێستا پێمان ناوەتە قۆناغی خۆپارێزی و تاکپارێزییەوە، چونکە زۆربەی شوێن و دووکان و بازاڕەکان کراونەتەوە”.
فرسەت سۆفی ڕاشیگەیاند “ئەگەر خەڵک خۆی خۆی نەپارێزێت، لەوانەیە ئێمە بگەینە قۆناغی زۆر زۆر سەخت و ئەوکات لە دۆخەکە لە دەستی هەموو لایەکمان دەربچێت، بۆیە هیوادارم خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێر بەوپەڕی وەریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە ئێمە هیچکاتێ لە قۆناغی مەترسیدار دەرنەچووین و ئەم پەتایە ئێستاش زۆر مەترسیدارە و دەبێ هەموومان بەرەنگاری ببینینەوە و ئەگەر بزانین دۆخەکە خراپە و مەترسییەکە گەورە دەبێتەوە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ دواوە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکاندا بکەینەوە.”