نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵدان بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، کاری ئەو کەس و لایەنانەیە، کە نایانەوێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.
بەبیانووی ڕادەستنەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستان، بەغدا بڕیاری دا بەشە موچەی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی نوێی عێراق، پێکنەهاتووە، تا ئێستاش سیستەمی دارایی ٢٠١٩ جێبەجێ دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، ڕایگەیاند: لە یاسای بودجەی عێراق، بەڕاشکاوی باسی ئەوەکراوە هەرکاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر نەوتەکەشی ڕادەست نەکات، حکومەتی عێراقی پابەندە بەناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە، بۆیە هەوڵدان بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، بێگومان کاری ئەو کەس و لایەنانەیە، کە نایانەوێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، چونکە پێیانوایە ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە بەرژەوەندی ئەوان نییە”.
هەرکی ئاماژە بەوە دەکات، جوڵاندنی ئەم پرسە لە ئێستادا، کە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق خەریکە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت و وەزیرەکان بگۆڕدرێت، ئەمە نانەوەی ئاژاوەیە و بۆ درووستکردنی کێشە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەکە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت “فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، پاکترین وەزیر بووە، کە هیچ مەلەفێکی گەندەڵی لەم کابینەیەدا نییە، رێگر بووە لە گەندەڵیکردن بۆ هەموو کوتلە سیاسییەکان، زۆر جار رێگربووە لەوەی تاکە کەس و هەندێک لایەن داواکاری ناشەرعی پێشکەش کرابێت، چونکە هیچ شتێکی ناشەرعی بەسەردا ناسەپێندرێت، رەنگە ئەمەش یەکێک بێت لە هۆکارەکانی جوڵاندنی ئەم پرسە”.