نوچە: ئاژانسەکان
حکومەتی چین رێگری لە بڵاوبوونەوەی راپۆرتێكی یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە کۆرۆنا کردووە، کە تێیدا باس لەوە دەکات گوایە چین زانیاری هەڵەی سەبارەت بە ڤایرۆسەکە و ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە بڵاوکردووەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چوار بەرپرسی دیپلۆماسی ئەوروپی رایگەیاندووە، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی چین، پەیوەندییان بە گەورە بەرپرسانی باڵیۆزخانەکانی یەکێتی ئەوروپا لە پەکین کردووە و پێی راگەیاندوون ئەگەر لە راپۆرتەکەتاندا بەو شێوەیە باسی چین بکەن، ئەوا کاریگەری زۆر خراپی لەسەر پەیوەندی و پێکەوەکارکردنی هەردوولا دەبێت.
بەگوێرەی رۆیتەرز، راپۆرتەکەی یەکێتیی ئەوروپا دواجار، کە بڕیاربوو لە 2ـی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە، دوو رۆژ دواخرا، بەڵام بە سڕینەوەی بەشێک لەو رەخنانەی دژ بە حکومەتی چین و هەموارکردنەوەی بەشێكی دیکە لە رستەکانی نێو راپۆرتەکە.
نێردەی چین لە یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە، بەرپرسێکی یەکێتیی ئەوروپاش دەڵێت، راپۆرتەکە وەکو خۆی بڵاوکراوەتەوە.
لە بەشێکی راپۆرتەکەی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە “چین بەردەوام بووە لە پێدانی زانیاریی هەڵە بە جیهان بۆ ئەوەی گلەییەکان لەسەر خۆی لابەرێت بەوەی بووەتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19، کە ئێستا هەموو جیهانی گرتووەتەوە”.