نوچە
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، 19 بڕیاری نوێ بەمەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد و رایگەیاند، لەناو چەقی شاری سلێمانیدا، بەهیچ جۆرێك ڕێگا بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت و هاتوچۆی تاكسی و ئۆتۆمبێلی تایبەتیش دەكرێت بەسیستمی تاك و جووت.
بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی پارێزگای سلێمانی، كە واژۆی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەسەرە و گشتاندنی بۆ سەرجەم یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگاكە پێكراوە، ئەوەخراوەتەڕوو، لەدوای 23ی نیسانەوە تا یەك-ی ئایار قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ لە كاتژمێر 6:00ی بەیانی تا 12:00 ی شەو بەردەوام دەبێت.
لەبەشێكی دیكەی بڕیارەكەی پارێزگای سلێمانی ئەوەخراوەتەڕوو، لە 25ی نیسانەوە، بەپێی فەرمانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، تاكسییەكان لەسەر بنەمای ژمارەی تاك و جووت دەست بە كاركردن دەكەنەوە، رۆژی 25ی مانگیش تەنها هەڵگرانی ژمارەی (تاك) كاردەكەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جووت).
ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆكانی گواستنەوەی گشتی لە رۆژی 25ی نیسانی 2020ەوە، ڕۆژانە بەنیوەی ژمارەی پاسەكان لە هێڵێكدا، بەپێی مەرج و ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕیی و ئارامییەكان دەست بە كاركردن دەكەنەوە.
لەبەشێكی دیكەی بڕیارەكانی پارێزگای سلێمانی ئەوە خراوەتەڕوو، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا لە 25ی ئەم مانگەوە دەبێت بە سیستمی تاك و جووت، ڕۆژی 25ی مانگ، تەنها هەڵگرانی ژمارەی (تاك) كاردەكەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جووت).
لەبڕیارەكانی پارێزگای سلێمانی ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لە ڕۆژی 25ی نیسانەوە بەپێی مەرج و ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕیی و ئارامییەكان دەكرێنەوە.