نەوزاد عەلی: سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستاش رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان لایەنەکان نەکراوە بۆ دابەشکردنی پۆستی وەزارەتەکان و گفتوگۆکان هەر بەردەوامن.
میدیا عێراقییەکان ناوی بەشیک لە کاندیدانی وەزارەتەکانی کابینەکەی مستەفا کازمییان بڵاوکردەوە، لە ناویشیاندا سێ وەزارەت بۆ کورد دیاری کراوە، کە بریتین لە فوئاد حسێن، وەزیری دارایی، خالید شوانی و رزگار حەمەئەمین بۆ وەزیری داد لەگەڵ ڕێزان محەمەد بۆ وەزیری شارەوانی.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ڕێبوار هادی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی ئاشکراکردنی ناوی وەزیرەکانی کابینەکەی مستافا کازمی، ڕایگەیاند: ئەو ناوانەی بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا قسەیە و ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان لایەنەکان نەکراوە بۆ دابەشکردنی پۆستی وەزارەتەکان، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەر بەردەوامە”.
سەبارەت بە ناکۆکی شیعەکان ڕێبوار هادی گوتی “لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی وەزارەتەکانی ناوخۆ و نەوتی عێراق ناکۆکییان هەیە، بۆیە دەبێت لە نێوان خۆیاندا ڕێککبکەوەن، ئەگەرنا دوور نییە چارەنووسی ئەم کابینەیەش بەدەردی کابینەکانی پێشوو نەڕوات”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەشدەکات، لە کۆتاییدا دەبێت ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بە کابینەکەی مستەفا کازمی بدەن، پەرلەمانتارانیش لە کوتلە سیاسییەکان پێکهاتوون، بۆیە ئەگەر کوتلە سیاسییەکان بە تەواوی لەگەڵ یەک نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوکاتە تێپەڕاندنی کابینەکە لە پەرلەمان ئاسان نابێت.
ناوبراو جەختیشی کردەوە “کازمی هیشتا کابینە وزارییەکەی پێشکەشی پەرلەمان نەکردووە، بۆیە تا ئێستا هیچ وادەیەکیش بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکە دیاری نەکراوە، هەرکاتێک کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان کرد، ٤٨ کاتژمێر دوای پیشکەش کردنی پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەری”.