نوچە
ئەمڕۆ حوکمی سێدارەی هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری “دێولان”ی سەر بە سنە لە گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا و لاوێکی دیکەش دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لەپەتی سێدارە ڕزگاری بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 2020.4.23) دەزگای دادوەریی ئێران حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی دێولان بە ناوی “سینا محەمەدی” لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کردووە.
بەپێی زانیاریی هەمان سەرچاوە سینا لە کاتێک تووشێ تاوان بووە تەمەنی ١٩ ساڵ بووە و هاوڕێیەکی خۆی کوشتووە و سینا سەرەتا حوکمی ١٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە حوکمەکەی گۆڕدراوە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
سینا محەمەدی لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا لەسیدارە دراوە و ماوەی ٧ ساڵ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیرابوو.
هاوکات حوکمی سێدارەی عەدنان میرەکی، کە ئەویش خەڵکی دێولان بوو و بڕیار بوو ئەمڕۆ حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت، دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە هەڵوەشایەوە و لەپەتی سێدارە ڕزگاری بوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چالاکانی مەدەنی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی سینا، لەبەر دەرگای بەندیخانەی شاری سنە کۆ ببوونەوە و دوای ئەوەی باوک و دایکی کوژراوەکە چوونەتە ناو بەندیخانە، هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خەڵکەکە تووشی تێکهەڵچوون بوون و بڵاوەیان پێیان کردووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و سەقز لەسێدارە دراون.