نوچە
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەیادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەنوسان كرد و پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو ئەو قەڵەمە راستگۆ و هەقبێژانە دووپاتكردەوە، كە داكۆكیكاری سەرسەختی ماف و ئازادی و داوا رەواكانی میللەتن.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامەكەیدا دەڵێت “لەم یادە پیرۆزەدا و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی یاساییمانەوە بە دەرفەتی دەزانم جارێكی تر پشتگیری و پاڵپشتی خۆم بۆ هەموو ئەو قەڵەمە راستگۆ و هەقبێژانە دووپاتبكەمەوە، كە داكۆكیكاری سەرسەختی ماف و ئازادی و داوا رەواكانی میللەتەكەمانن”.
هەروەها رێواز فایەق ئومێدەوارە دادگاكانی كوردستان سەربەخۆیی و بێلایەنی خۆیان لە جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی ئەحكامەكانی ئەو یاسایە بەرامبەر رۆژنامەنووسان بسەلمێنن و بەدەر لەوە كار بە هیچ دەق و یاسایەك نەكەن، كە سنوری ئازادیی رۆژنامەگەری بەرتەسك دەكاتەوە. هاوكات پاراستنی گیان و كەرامەتی رۆژنامەنوسان و رەخساندنی دەرفەتی كاری یەكسان و زەمینەی لەباری ئازادیی كاری رۆژنامەوانی پابەندی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و تەواوی دامەزراوە دەستووریەكانیەتی.
سەرۆكی پەرلەمان جەختدەكاتەوە، رۆژنامەگەری كاغەز بیست ساڵێك لەمەوبەر بەهۆی هەژموونی تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێتەوە بەرامبەر رۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی وردە وردە پاشەكشەی كرد و كۆڵی دا. ئەم بەرەو دواوە چوونەی وەشاندن و چاپیش هەر زوو لێكەوتە ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكەی بەسەر زۆرێك لە كایە رۆشنبیری و ئەدەبیەكاندا بەدیاركەوت و لەم ڕوانگەیەوە دەبێت پەرلەمانی كوردستان خۆی ئامادە بكات بۆ دووبارە هەمواركردنەوەی یاسای رۆژنامەگەری، كە تێیدا ئازادیی كاری ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگیرێت لە چوارچێوەی پاراستنی مافە گشتی و تاكە كەسیەكان و تایبەتمەندی هاووڵاتییاندا، لەبەر ئەوەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 بەدەرە لە ئاماژە كردن بۆ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا و میدیای ئەلیكترۆنی و تەلەفیزیۆن.
ئومێدەوارین تا هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە ڕۆژنامەنووسان لە ژێر كاریگەری و ئەحكامی هیچ یاسایەكی دیكەدا روبەڕوی دادگا نەكرێنەوە.