فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەک هەڵوێستن

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ، بۆئەوەی ئستحقاقاتی کورد لەم کابینەیە زیاد بکرێت. 

دوای تێپەڕینی زیاد لەهەفتەیەک بەسەر ڕاسپاردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراق، ئێستا لەگەڵ لایەنەکان کەوتووەتە گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەکەی و بەتایبەتی کورد و سونە، پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیک کابینەکەی ڕابگەیەنێت.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. مەیادە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن و دەستووری خۆی ناکات، خۆشبەختانە ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەموومان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستین لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

مەیادە محەمەد، دەڵێت “ئێمە هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی ئستحقاقاتی هەرێم لەم کابینەیە زیاد بکرێت، نەک کەم بکرێتەوە. هەروەها ئەو مافە دەستوورییانەی، کە وەرمان نەگرتووە و تائێستا چارەسەر نەکراوە وەک ماددەی ١٤٠و چەند پرسی گرنگتر، لەم کابینەیە کاری جددییان لەسەر دەکەین، بۆئەوەی مافەکانی خۆمان بەدەست بهێنین”.  

سەبارەت بە گۆڕینی وەزیرەکانی کورد، ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی “ئەوە لەسەر گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت وەستاوە، ئایا قبوڵی دەکەن هەمان ئەو وەزیرانە لەم کابینەیە دابنرێنەوە یان نا؟ چونکە نابێت ئەوە لە بیرکەین، کە ئەوان فشاری شەقامیان لەسەرە، ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین زۆرترین داواکاریییەکانی کورد بێتە دی، بەڵام دەبێت ڕەچاوی بارودۆخی عێراقیش بکرێت”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com