نەوزاد عەلی-سلێمانی
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت، هەموو نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە سنورەکەمان چاک بوونەتەوە و ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە سنورەکەمان و نەخۆشخانەکان نەماوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنورەکەیان، ڕایگەیاند: دیارە ئێمە لەماوەی ڕابردوو ١٦ حاڵەتی ڤارۆسی کۆرنا لە سنورەکەمان تۆمار کرا، بەداخەوە لەوانەش یەک حاڵەت گیانی لەدەستدا و ئەو ١٥ حاڵەتەش دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە ئێستا چاک بوونەتەوە.
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت “دوێنی کۆتا حاڵەتەکانی چاک بوونەوە لە چەمچەماڵ، کە چوار کەس بوون بەیەکەوە، دوای ئەنجامدانی سێ پشکنین بۆیان و وەرگرتنی دەرمانەکانیان و دڵنیا بوون لە سەلامەتی تەندروستیان دەرکەوت، کە ڤایرۆسەکە لە جەستەیان نەماوە و ڕەوانەی ماڵەکانی خۆیان کرانەوە و ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و نەخۆشخانەکان نەماوە”.
ڕەمەک ڕەمەزان، گوتیشی “زۆر سوپاسی هاوڵاتیانی چەمچەماڵ دەکەم، ئەم ماوەیە زۆر هاوکارمان بوون و داوای لێبوردنیان لێدەکەین، کە بارگرانی ئابووری و ژیانی سەختیان هەڵگرت، لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەڕوییەتەوە، بۆیە داواکارین خۆپارێزی پارێزی خۆیان بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و رێکارە تەندروستییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکەن”.