لەبارەی کردنەوەی مزگەوتەکان لە مانگی رەمەزان روونکردنەوە دەدرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایەدەگەیەنێت، تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان لە مانگی ڕەمەزاندا.

ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێک بۆ کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان لەسۆشیاڵ میدیاوە بەدی دەکرێت و دەنگۆی ئەوە هەیە، کە لە مانگی ڕەمەزاندا دەرگای مزگەوتەکان دەکرێنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا هیچ بڕیارێکی وایان نەداوە.    

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان، ڕایگەیاند: کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان، قوتابخانەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان، لەدەسەڵاتی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، هەرکاتێک ئەوان بڕیاری کۆتایی بدەن بە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان، کەنیسە و هەموو مەڵبەندە ئاینییەکانی دیکە، وەک وەزارەتی ئەوقاف هەموو ئامادەیییەکمان هەیە پێوەی پابەندبین. 

سەبارەت بە دەنگۆی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان نەبەز ئیسماعیل گوتی “ئەو دەنگۆیانەی، کە باس لەوەدەکەن لە مانگی ڕەمەزان مزگەوتەکان دەکرێنەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە و ئەوەی، کە قسە دەکات لەو خۆیەوە قسە دەکات”.      

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی هەرێم بەتایبەتی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، زۆر هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن لەو بارەیەوە. وەزارەتی تەندروستیش ئەگەر بزانن لە داهاتوودا مەترسی ڤایرۆسەکە نییە، بێگومان بڕیاری کردنەوەی مزگەوتەکان و مەڵبەندەکانی دیکەی ئایینی دەدات، بەڵام دیارە تا ئێستا مەترسی ڤایرۆسەکە جددییە بۆیە بڕیاری کردنەوەیان نەدراوە، ئێمە چاوەڕوانی حکومەت دەکەین هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەین.     

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند “هەر یەکە لە وڵاتانی ئوردن، ئیمارات، کوەیت و سعودییە، بڕیاریان دواوە، کە دەرگای مزگەوتەکانیان لە مانگی ڕەمەزان دا نەکەنەوە”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com