نوچە
سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی نرخی نەوتی تێکساسی ئەمریکی بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوودا دابەزی، رایگەیاند ”ئەم نرخە بۆ زۆر کەس جێگەی سەرنجە، بەڵام ئێمە تاوەکو نرخەکان بەرزدەبنەوە، نەوتەکەمان لە کۆگاکان هەڵدەگرین”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی دابەزینی نرخی نەوتی تێکساسی ئەمریکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەر بنچینەی دابەزینی نرخی نەوت، ئەمریکا ستراتیژی پاشکەوتکردنی نەوتەکەی دەگرێتەبەر.
ترەمپ راشیگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت بۆ زۆر کەس جێگەی سەرنجە، بەڵام ئەوان تاوەکو دەگەن بە نرخێکی گونجاو، نەوتی وڵاتەکەیان تاوەکو ئاستی 75 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکانیاندا پاشەکەوت دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی یۆرۆنیوز، لە مامەڵەی بۆرسەکانی نەوت بۆ رۆژی دووشەممە، نرخی نەوتی WTI، نەوتی سووکی تێکزاسی ئەمریکی بۆ 39- دۆلار و 50 سێنت دابەزیوە، کە لە مێژوویدا نزمترین نرخە.
لەبەرامبەردا، نرخی نەوتی بڕێنتی بەریتانی، کە پێوەری سەرەکی دانانی نرخی نەوتی جیهانە لە نزیکەی 26 دۆلارە و لە مامەڵەی رۆژی دووشەممەی بۆرسەکاندا بەرێژەی نزیکەی 5% دابەزینی تۆمارکرد و نرخی سەبەتی ئۆپیکیش لەنێوان 17 بۆ 19 دۆلاری ئەمریکی بووە.