نوچە: ئاژانسەکان
نەوتی خاوی ئەمریكا “گەورەترین داڕمان” لە مێژوی خۆیدا تۆماركرد و شەوی دووشەممە 20-4-2020 هیچ بەها و نرخێكی نەما و نرخەکەی گەیشتە 39 دۆلار و 50 سەنت لە ژێر سفرەوە.
سات لە دوای سات نرخی نەوتی خاوی خۆرئاوای تەكساسی ئەمریكا بە جۆرێك دابەزیوە، كە لە مێژووی پیشەسازیی نەوتدا شتی وا روینەداوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵی بازاڕی نەوت، گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی ئەمریكا بۆ مانگی ئایاری داهاتو زیاتر لە 306%ی نرخەكەی لەدەستداوە و لە كاتژمێر 10 شەوی دووشەممە 20-4-2020دا هەر بەرمیلێكی بوە 39- دۆلار و 50 سەنت لە خوار سفرەوە و لە مێژووشدا هەرگیز رووداوی وا رووینەداوە.
ئەو داڕمانە بێوێنەیە وای لە فرۆشیارانی نەوتی ئەمریكا كردووە پارە بدەن بە كڕیاران بۆئەوەی هانیان بدەن گرێبەستەكانی مانگی داهاتوی نەوتی ئەمریكا واژۆ بكەن، كە ئەمڕۆ دوا رۆژیەتی و وەبەرهێنەرەكان نایانەوێت زیانەكانیان بۆ مانگی داهاتو زیاتر بێت.
لەگەڵ ئەو داڕمانە گەورەیە، نرخی یەك بەرمیلی نەوتی خاوی ئەمریكا بۆ گرێبەستی دواخراوی مانگی حوزەیرانی داهاتو لە 20 دۆلاردا ماوەتەوە و جارێ نرخەكەی گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا نرخی نەوت بە هەموو جۆرەكانیەوە شكست لە دوای شكست تۆمار دەكات، كە نزیكەی 20 ساڵە دۆخی وای بەخۆیەوە نەبینیوە، هۆكاری سەرەكیش بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەگەڕێتەوە، كە ژیانی بە تەواوەتی راگرتووە و هیچ داواكارییەك لەسەر كڕینی نەوت نەماوە.
یەكێك لە هۆكارەكانی دیكەی دابەزینی مێژوویی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكا بۆ پڕبونی عەمبارەكانی نەوتی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.