نوچە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، داتایەكی نوێ ئاشكرادەكات و رایگەیاند، زیاتر لە 250 هەزار كەس لە عیراقدا مانگانە دوو موچە وەردەگرن، دەشڵێت ”ساڵانە زیاتر لە 18 ملیار دۆلار لەسەر بودجە دەكەوێت”.
جەمال كۆچەر، سەرۆی فراکسیۆنی یەکگرتوو و ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، قەیرانی ئابووری زۆر قورسە و كاریگەری لەسەر هەموو جیهان كردوە بەتایبەتی عیراق، ئەوەش بوەتەهۆی كورتهێنانی گەورە لە بودجەدا، هەربۆیە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ ئەو كورتهێنانە و كەمكردنەوەی بەهەدەردانی پارەی گشتی دەستیپێكردوە.
جەمال كۆچەر گوتیشی “بەپێی زانیارییەكانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، زیاتر لە 250 هەزار كەس لە عیراقدا دوو موچە وەردەگرن، تەنانەت هەندێك سێ موچە و تا دەگاتە 5 موچەش وەردەگرن، ئەو موچەیەی وەریدەگرن لە ساڵێكدا 18 ملیار دۆلار لەسەر عیراق دەكەوێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات، کە دۆسیەی دوو موچە و زیاتر پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان هەیە بۆئەوەی ئەو كەسانە دیاری بكرێن، كە لە موچەیەك زیاتریان هەیە، بۆئەوەی ناچار بكرێن یەكێك لەو موچانە دیاری بكەن، كە هەیانە و ئەوانی دیكە ببڕن، ئەوەش بەشێكی كورتهێنانی بودجە چارەسەردەكات.