راگەیەندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆژانی 12 و 13 ی تەمووزی 2014، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی، دوو رۆژ لەسەریەك كۆبوونەوەی ئاسایی كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا، دۆخی ئێستای عیراق، مەترسییەكانی داعش، چارەنوسی ناوچە دابڕێنراوەكان، كێشەكانی پێكهێنانی پۆستە سیادییەكانی عیراق، دروستكردنی بەمەرامی كێشە لەنێوان كوردو شیعەو چەندین دیاردەو دەركەوتەی تازەی تریش، لەهەلومەرجی ئێستادا، گفتوگۆیان لەسەر كرا.
لەسەر دۆخی عیراق، فریاد رواندزی، ئەندامی سەركردایەتیو نوێنەری راسپێردراوی یەكێتیی لەوەفدی دانوستانكارو د.خەیروڵڵا، وەزیری بازرگانی عیراق، ئامادەی كۆبوونەوەكە بوونو راپۆرتی زارەكی خۆشیان لەسەر كاروباری دەوڵەت، هێزە سیاسییەكان، دۆخی بەغدادو گرفتی ناو لایەنەكان، بۆ پێكهێنانی حكومەت، پێشكەش كرد.
كۆبوونەوە لەسەر دۆخی عیراق راوەستاو هەلومەرجەكەی بەدژوارو مەترسیدار دایە قەڵەم. هۆیەكانی ئەم دۆخە مەترسیدارەشی بۆ سەرجەم ئەو هەڵەو خەتاو كەموكوڕیانە گێڕایەوە، كە لەدوای روخانی رژێمی سەدامەوە، هەتا هاتووە كەڵەكە بونو چارەسەری بنەڕەتیان بۆ نەدۆزراوەتەوە. سیاسەتی تاك لایەنو حوكمڕانی تاكگەرایی سەپێنراوەتە سەر بوارەكانی دەسەڵاتدارێتی. كێشەی مەزهەبو تائیفیو ئەمنییەكان، زاڵكراونەتە سەر ئەركەكانی ئابوریو ئاشتی كۆمەڵایەتیو، پێشكەوتنی دیموكراسیو، ژیانی مەدەنییەت؛ جێبەجێكردنی دەستور فەرامۆشكراوە؛ دەسەڵاتەكانی تەشریعیو دادوەری دووچاری كێشەی لاوەكیو ناوەكی كران؛ سیاسەتی كارو كاردانەوەو بەهەڵەی قورستر چارەسەركردنی هەڵەكان، زاڵكرا. ئەم سیاسەتانە بەزۆری، لەناو حكومەتدا دەوڵەتی یاساو لەناو پەرلەماندا بەگشتی هێزە سونیگەراكانو دەوڵەتی یاساش بەرپرسیارن لێی.
هێزە كوردستانییەكان، سەرەڕای كەموكوڕی، یان هەندێك كەمتەرخەمی، یاخود وەكو پێویست رانەپەڕاندنی ئەركە بنچینەییەكانیش، هەروەها ئەو نیگەرانییەی لەناو رای گشتیو میدیاشدا ماوون، بەڵام هەمیشە هێزە كوردستانییەكان لەعیراقو ناوچەكەدا بەشێك بوون لەپاراستنی ئارامیو چارەسەری كێشەكان. مەخابن، گوێ لێگرتنیان كەم بوو. دژایەتیان زۆرتر بوو!!
كاتێكیش تیرۆریستان دۆخەكەیان تێكو پێكدا، بەدەسیسە، دەستەو تاقم هەیە، دەیانەوێ كوردو هێزە كوردستانییەكان، دووچاری كێشەی نەتەوەیی لەگەڵ عەرەبو دژایەتی لەگەڵ شیعەگەردا بكەن. دڵنیاین، لەبەرئەوەی ئەم سیاسەتە، بەدەسیسەی شكست خواردوان ئەنجام دەدرێ، زۆر ناخایەنێ لەبەردەم رای گشتی-دا رسوا دەبێ. گەلی كوردستانو هێزە كوردستانییەكانو یەكێتیی نیشتمانی، سورین لەسەر پاراستنی پەیوەندی ستراتیژمان لەگەڵ شیعەو سوننی نیشتمانپەروەرو پەرۆشی عیراقی دیموكراتی فیدراڵی فرەیی راستەقینە!
بۆ پێكهێنانەوەی حكومەتیش، یەكێتیی، باوەڕیوایە كە كۆی سیاسەتو سیستەمی حوكمڕانی عیراق دەبێ بگۆڕدرێ؛ ئەمەش مەحاڵە، ئەگەر ئالیەتی جێبەجێكردنی دەستورو پابەندبوون بەیاساو كاراكردنی پەرلەمانی عیراق، لەئالیەتی حزبایەتیو تایفەگەری تەسكەوە، بەئالیەتی حوكمڕانی دیموكراسیو تەوافقی راستەقینە نەگۆڕدرێ. بۆ؟ چونكە:
– بەڕواڵەت عیراق فیدراڵە؛ كەچی بەبێ بڕیاری پەرلەمانو سەلماندنی راستییەكان، بودجەی كوردستان دەبڕدرێ.
– عیراق فیدراڵە؛ كەچی كێشەی نەوتو گاز، ساڵ بەساڵ چارەسەركردنی دواخرا، هەتا گەیەندرایە بنەبەست.
– عیراق فیدراڵە؛ كەچی كێشەی ئابوریو كۆمەڵایەتیو خزمەتگوزارییەكان، قوڵتر دەكران.
– عیراق فیدراڵە؛ بەڵام پێشمەرگە خرایە دەرەوەی بازنەی سوپای پڕ چەككراوی عیراق، ئەمەش سوپاكەو ئەمیش پێشمەرگە.. دەركەوتن.
– لەم وڵاتەدا.. هونەر نەما، ئەدەب ژاكا، وەرزش دەواكەوت، ئاوەدانی پەكی خراوە. دارودرەخت وشكبوون. گەشتوگوزار لەخواروی عیراق راوەستا. موزەخانە سەردان ناكرێ، تەنانەت پەیوەندی كۆمەڵایەتی مەدەنیش پاشەكشەی كرد.. تاد.
بۆیە، هەموو هێزە سیاسییەكانی عیراقو كوردستان، نەك تەنها لەبەر رەشەكوژییەكەی داعش، بەڵكو لەبەر بەرپرسیارێتی نیشتمانی، كۆمەڵایەتی، شارستانیو دەستوریش، چیكە ناكرێ بەعیراقی ساڵانی رابوردوو رازی بن، تەنانەت دەبێ سوربن لەسەر گۆڕینی كۆی سیستەمو سیاسەتو ئیدارەدانی عیراق.
سەبارەت بەدۆخی ناوچەكانی مادەی (140)یش، كۆبوونەوە بەوردیو هەمەلایەنە لەسەر ئەم بەشە وەستاو هەڵوێستەی لەسەر جومگە بەجومگەی پارێزگای كەركوكو خانەقینو نەینەواو دیالەو سەڵاحەدین، كرد. مەكتەبی سیاسی، لەكاتێكدا بەهەلی دەزانێ جەخت بكاتەوە:
حكومەتەكانی دوای روخاندنی سەدام، بەتایبەتی لەدوای پەسەندكردنی دەستورو مادەی (140)ەوە، بەرپرسیاری یەكەمی جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی مادەكەن، لەهەمانكاتدا، یەكێتیی پێوایە، لەگەڵ حكومەتی ئاییندەی عیراق، مادەی (140) دەبێ ببێتە بنچینەی رێككەوتنی سیاسی. رێككەوتنەكەش بەدیاریكردنی سنوری جوگرافیای باشوری كوردستان ببەسترێ. واتا:
گفتوگۆ لەسەر دیاریكردنی سنوری نیشتمانیی مێژوویی باشوری كوردستان بكرێ، نەك لەكوێ كورد زۆرە یان كەممە. سنوری باشوری كوردستانیش، زنجیرە شاخی حەمرینە، هەروەكو لەپەیماننامەی نێودەوڵەتی سیڤر-دا هاتووە.
لاشمان سەیرە، دوای ئەوەی سوپای عیراق بەرگەی هێرشی داعشی نەگرتو پێشمەرگە تەواوی ناوچەكانو سەروسامانو ئاسایشی خەڵكی بەخوێنی زیاتر لە (60) شەهیدو (300) بریندار پاراستووە، كەچی لەباتی سوپاسی ئەم هێزە قارەمانە بكرێ، هەروەكو مادەی (140)و ناوچەی كێشە لەسەر لەئارادا نەبێ، حكومەتی عیراق، پێشمەرگە بە (حەس حەس) دەزانێو داوای كشانەوەی پێشمەرگە دەكات، ئەمە لەكاتێكدا تیپێكی سەربازی لەعیراقدا نەماوە، بەغدادی پایتەختی پێ بپارێزنو پاراستنی پایتەختیان سپاردۆتە ئەو میللیشیانەی هەشت ساڵ لەمەوبەر، لەباتی چارەسەری سیاسیو ئیداریان بۆ دابین بكرێ، سەركوتیان كردن!
تازە، نەعیراق، دەبێتەوە بەعیراقی چوارچێوەی حوكمڕانی دەهەی رابردوو، نەناوچەكانی مادەی (140)یش دەبنەوە بە بەشێكی بۆتەی عیراقی رابردوو. حیكمەتی سیاسی وا دەخوازێ، ئەمجارە؛ وەكو هەموو كێشە بنچینەییەكانی تری عیراقو كوردستان، ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، چارەسەری راستەقینەیان بۆ بدۆزرێتەوە، چارەسەرێك كە چیكە، كورد، عەرەب، توركمانو مەسیحی، وێڕای پێكهاتەكانی تریش، لەم ناوچانەدا، لەناو كێشمەكێشی تایفیو شۆڤێنیو حوكمڕانی تاك لایەنەو تاكڕەوانە، هەتا هەتایە سەرفراز بكرێنو، وەكو بەشێكی كوردستانی دیموكرات، بەمافە دیموكراسییەكانیان شاد بكرێن.
دەربارەی راپرسیو مافی چارەنوسو سەربەخۆیی كوردستانیش.. یەكێتیی پێوایە، خەریكە هەلومەرجێكی بابەتی دێتە پێشەوە، نەك لەناوخۆی عیراقو كوردستاندا، بەڵكو لەناوچەكەو جیهانیشدا، دەرگای گفتوگۆ لەسەر مافی چارەی خۆنوسین، بەسەربەخۆیی كوردستانیشەوە، بۆ یەكەمینجارە لەدوو سەد ساڵی رابوردوودا دێتە ئاراوە. هاتنە ئارای ئەم هەلومەرجەش، تەنها پەیوەندی بەداوای رەوای سیاسی گەلە دیموكراتیخوازەكەمانەوە نییە، بەڵكو قۆناغی سیاسی گۆڕدراوە؛ سیاسەتی دەوڵەتان كەوتۆتە ژێر كاریگەری گۆڕانكارییەكان؛ بەرژەوەندی زلهێزەكان لەوەدایە كێشەی گەلان چارەسەر بكرێ.. هاوكات، سامانی كوردستانو كوردستانی سەركەوتوی فیدراڵیش، مایەی باسو خواستی دەوڵەتانو كۆمپانیاكانو بازاڕەكانە.. بەڵكو قسە لەوەش دەكرێ، نەوتو گازی كوردستان، نرخی سوتەمەنی لەبۆرسەكانی نەوتدا دادەبەزێنێو ئاستەنگی وزەش هەتا رادەیەك چارەسەر دەكات.
لەمێژووی دوو سەدەی خەباتی رزگاریخوازانەی كوردایەتی، زەمینەی ئەوتۆی چارەی خۆنوسین رەچاو نەكراوەو هۆكاری پۆزەتیڤی وا كۆنەبوونەتەوە. بەڵام زەمینەی وا، هەرچەند باشیش رەخسابێ، ناكرێ بكرێتە پێخۆری دروشمبازیو هەڵوێست فرۆشتن.
یەكێتیی.. لەم هەلومەرجەدا، لەكاتێكدا، پێویستی بەوە نییە، پڕوپاگەندەی دەروونی لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە، كە لێرەو لەوێ، دەستكێشەكانی ئەم دەزگاو سەركێشەكانی ئەمو ئەو سنور، دژی یەكێتیی وروژاندویانە، چونكە، یەكێتییەك، ساڵی (1982) مافی چارەی خۆنوسینی كردبێتە دوورنمای خەباتی سەربەخۆییو ساڵی (1992) لەفیدراڵدا چەسپاندبێتی، چ پێویستی بەوەیە ئێستا، پڕوپاگەندە دژی خۆی بڕەوێنێتەوە. كاری وا، كاری یەكێتیی نەبووەو نابێ، چونكە پەرێزی مافی چارەی خۆنوسینمان پاكو بێباكو مایەی شانازییە.
بەم راگەیاندنەش رایدەگەیەنین، لەهیچ كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسیو ئەنجومەنی سەركردایەتی-دا، یەكێتیی، لەسەر راپرسیو پرسی چارەی خۆنوسینو گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی كوردستان، دوو رای جیاواز نەبووە. بەڵكو وەكو یەكێتیی، لەپێرارەوە گوتومانە:
چیكە كات بەفیڕۆ نەدەین بەم جۆرە گفتوگۆ نەزۆكەی مادەی (140)ەوە، رۆشنمان كردۆتەوە كە ناوەرۆكی دانوستانمان لەگەڵ بەغداد، لەبڕگە بڕگەی مادەی (140)ەوە بگۆڕین بەپێداگیری لەسەر سنوری حەمرینی كوردستان. هەروەها، بەڕاشكاوی، لەسەرەتای ساڵەوە (پێش سەرهەڵدانی داعش) جەختمان كردۆتەوە كە ئەوپەڕەكەی هەتا بەهاری ساڵی ئاییندە، لەسەر گفتوگۆی بەغداد رادەوەستین. لەوە بەدوا بڕیاری كوردایەتی بدرێ باشە. وا هەلومەرجی بڕیاری كوردایەتیش هاتۆتە ئاراوە. بەشە عەسكەریو ئەمنییەكەشی لەپرۆسەیەكی سروشتیدا جێبەجێكراوە.
وا.. بەشێكی بەرچاوی بڕیاری كوردایەتی لەكەركوكو خانەقینو ناوچەكانی تریش دراوە. دەمێنێتەوە ئەم بڕیارە، بكرێتە بەشێكی پرۆژەی سیاسی نوێ بۆ دانوستاندن لەگەڵ عیراقی دوای حكومەتی ئێستاو دوای رووداوەكانی ئێستاش. لەو باوەڕەشداین، هێشتا، دەوڵەتان، نەتەوە یەكگرتووەكان، پێویستیان بەوەیە، ستراتیژێكی هەمەلایەنمان لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەبێ. هەروەها بۆ گۆشكردنی رۆشنتری رای گشتی گەلەكەشمان پرۆژەی پەروەردەی سیاسیمان پێویستە. باشترین دەستەبەریش، راپرسییە.. بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان، هەروەها بەبڕیاری دڵخوازی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، قەزاكانی: خانەقین، مەخمور، ژەنگار، شێخان.. تاد. راپرسییەكەش، بەسەرپەرشتی چاودێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان.. بكرێ، متمانە پێكراوترە.
لەكۆتایشدا.. مەكتەبی سیاسی، دووپاتی دەكاتەوە كە:
یەكێتیی، بەشێكی تۆكمەی یەكڕیزی هێزە كوردستانییەكان بووەو دەمێنێتەوە. ئەمەش پێویستی بەوەیە كە ئەم یەكڕیزییە، بەبڕیاری سیاسی هاوبەش، بەهەنگاوی هاوبەش، بەپشكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان؛ بەپێی سەنگی هەڵبژاردن.. لەعیراق، كوردستان، پارێزگاو قەزاكان بپارێزرێ. هەڵبەتە یەكڕیزی بەبێ پتەوكردنی متمانەو، متمانەش بەبێ هاوسەنگی لەبەرژەوەندیو، بەرژەوەندیش بەبێ كاراتركردنی دەسەڵاتەكانی تەشریعیو تەنفیزیو دادوەری.. هەروەها چارەسەركردنی تەنگوچەڵەمەكانی رابوردوو، مەحاڵە. بنەمای ئەم متمانەیەش ئابوری كوردستانە. بۆ ئابوری كوردستانیش لەدۆخی ئێستادا، نەوت بۆتە گرنگترین بەشەداهاتو بودجەی سیاسەتی ئابوری نیشتمانیو نەتەوەیی. ئەمەش، پێویستی بەستراتیژێكی هەمەلایەنەیە كە گەلەكەمان دڵنیابێ لەوردو درشتی هەڵهێنجانو هەناردنو فرۆشتنو ئیدارەو دابەشكردنی داهاتی نەوتو گاز، لەپێشدا بۆ پتەوكردنی ژێرخانی پیشەسازیو ئینجا خۆشگوزەرانی خەڵك.
یەكێتیی.. سەرخستنی تاقیكردنەوەی حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانی بەئەركی هەمووان دەزانێ.. هەمووان لەژێرباری بەرپرسیارێتی نەتەوەییو دیموكراسیو خەباتی مەدەنیداین. هەمووان ئەركمان هەیەو مافیشمان هەیە.
بەهیواین.. تەواوی هێزەكان بۆ تێكشكاندنی داعشو تیرۆریستان، درێغی نەكەینو لەراپەڕاندنی ئەركەكانیشماندا بەردەوام تێبكۆشین. هەلەكەش.. هەم بۆ عیراقو، هەم بۆ ناوچەكەو، هەم بۆ باشوری كوردستانو بەشەكانی تری كوردستانیش، لەبارە، دوای تێكشكاندنی دوژمنانی دیموكراسی، دوای بەدیهێنانی ئارامیو ئاسایش.. هەر دەبێ ئامانجە بەدی نەهاتووەكان بەدیبهێنین. بەدڵنییایشەوە، نەتەوەكەشمان بەمافی چارەی خۆنوسینی شاد بێت.
ئیتر بۆ پێشەوە
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2014/7/13