نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت شەڕێکی میدیاییە و کۆتایی پێدێت، چەند کەسێکن دەیانەوێت ئاگرەکە خۆشکەن.
رۆژی ١٨-٣-٢٠٢٠ بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزێكی لیوای ٧-ی پیادەی سۆران كە بریتییە لە فەوجێك و هێزێكی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە و فەرماندەی هێزەكەش یەكێتییە لە زینی وەرتێ جێگیركرا، بەمەبەستی رێگرتن لە پەڕینەوەی خەڵك لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بە قاچاخ بۆ هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە مەترسیی كۆرۆنا.
ئەو شوێنەی، کە فەوجە هاوبەشەكەی لێ جێگیربووە، پێشتر شوێنی هێزێكی یەكەكانی ٧٠-ی یەكێتی بووە و ١٠ رۆژ پێش چوونی ئەو هێزەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەسەر داوای وەزارەت چۆلیان كردووە، ئێستا یەكێتی ناڕازییە لە چوونی ئەو هێزە و دەڵێ زینی وەرتێ سنووری یەكێتییە و ئەگەر وەزارەت دەیەوێ پێشمەرگەی وەزارەت لەوێ جێگیربكرێ با لیوای ٦-ی پیادە لەوێ جێگیر بكات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی گرژییەکانی زینی وەرتێ، ڕایگەیاند: ئەو هێزەی، کە چووەتە زینی ورتێ نە هێزی پارتییە و نە هێزی یەکێتییە، هێزێکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە و هێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە لەو بڕوایەدا نیم، کە هیچ شتێکی وا ڕووبدات، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەوێتە دڵەڕاوکێ و نارەحەتی”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە، گوتیشی”ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت شەڕێکی میدیاییە و کۆتایی پێدێت، چەند کەسێکن لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ژمارەیەک پەرلەمانتارییان هەیە، دەیانەوێت ئاگرەکە خۆشکەن، ئەگەرنا هیچ دۆخێکی وا لە ئارادا نییە”.