گۆڕانکاری لە پرۆژەیاسای بودجە دەکرێت

0

نەوزاد عەلی: سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، یەکەم گۆڕانکاری، کە دەبێت لە پرۆژەیاسای بودجە بکرێت، خەمڵاندنی نرخی نەوتە، دواتر دیاری کردنی کورتهێنانی بودجەیە.    

بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئالۆزییەکانی عێراقەوە، ساڵی ڕابردوو نەتوانرا پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بۆیە تائێستاش حکومەتی عێراق کار بە سیستەمی دارایی و کارگێڕی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ ی عێراق دەکات.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە رایگەیاند: پڕۆژەیاسای بودجە ساڵی ٢٠٢٠، هێشتا لە وەزارەتی دارایی عێراقە و تا ئێستا هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بتوانێت لەماوەی دیاریکراو کابینەکەی پێکبهێنت، هەر لەم ساڵدا پەرلەمان دەتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات”. 

جەمال کۆچەر گوتیشی “دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ، پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، پەرلەمان هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا دێنێت، ئەوەش پێویستی بە دوو هەفتە دەبێت تا پەرلەمان کاری لەسەر بکات، چونکە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە ٥٦ دۆلار خەمڵێنراوە، بەڵام ئێستا نرخی نەوت دابەزیوە بۆ ٣٠ دۆلار و خوارتریش”.      

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت “یەکەم گۆڕانکارییش، کە دەبێت لە پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، خەمڵاندنی نرخی یەک بەرمیل نەوتە، دواتر دیاری کردنی کورتهێنانی بودجەیە، ئێستا هەندێک وەزارەت وەستاون و هەندێکی دیکەیان لۆدێکی زۆریان لەسەرە، وەک وەزارەتەکانی تەندروستی و بازرگانی، بۆیە دەبێت گۆڕانکاری لە بودجەی وەزارەتەکانیش بکرێت”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com