ئاری جەلال: چەند کەمپێک بە تەواوی کەرەنتینکراوە

0

نەوزاد عەلی: سلێمانی

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەرانی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، چەند کەمپێک لەوڵاتی یۆنان کەرەنتینکراوە بەهۆی ئەوەی، کە چەند کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.  

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەورۆپا و جیها سنوورەکانیان داخستووە و سەرجەم گەشتەکانیان ڕاگرتووە و قەدەغەی هاتوچۆش لە زۆربەی شار وڵاتان ڕاگەیاندراوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە کەرتی پشەسازی و ئابووری وڵاتانی پێشکەوتوو گەیاندووە، لە ئێستادا ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهان ٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و بەهەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەرانی عێراقی، سەبارەت بە دۆخی پەنابەران، ڕایگەیاند: پەنابەرانی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دیکەش، کە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتانی بەڵکانن، پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، ئەوان ڕەوش و بارودۆخیان زۆر خراپ بوونە، جگە لە نەبوونی خواردن و پێداویستی سەرەکی، جێگا و ڕێگەشیان شیاو نەبووە و لە ژینگەیەکی تەندرووستدا ژیانیان نەبردووەتە سەر، بۆیە زۆربەیان لە ڕووی دەروونییەوە بەتەواوەتی تێکشکاون، بەڵام ئەوەتەی ئەم پەتایەش بڵاو بووەتەوە بەدڵنیایی خراپتر بوون.

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کەمپەکاندا، ئاری جەلال دەڵێت “چەند کەمپێک لە وڵاتی یۆنان بەتەواوی کەرەنتینە کراون بەهۆی ئەوەی، کە چەند کەسێک توشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام تاکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لەو کەمپانە تۆمار نەکراون و ئەو منداڵانەی، کە بڕیاربوو لەبەر مەترسی کۆرۆنا لە کەمپەکانی یۆنانەوە ببرێنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئێستا براون”. 

سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژە بەوە دەکات، لە سەراسەری جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا ژمارەیەک هاوڵاتی عێراقی کە کورد، عەرەب و تورکمانی تێدایە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ژمارەیەک لەوانە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیان چاکبوونەتەوە. دەشڵێت “بەردەوام سەرقاڵی کۆکردنەوەی زنیارین لەسەر ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی تووشی کۆرۆنا بوون لە وڵاتانی جیهان، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمە پەتایەکی جیهانییە، بۆیە ئامار و داتاکان بەتەواوی ناگاتەوە بەدەستی ئێمە”. 

لە بارەی گەڕانەوەی گەشتیارەکان ئاری جەلال، گوتی”کۆمەڵێک گەشتیاری زۆرمان هەبووە کە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراقەوە گەستیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە مەبەستی خوێندن، گەشتیاری و نەخۆشی، لەئێستادا ناتوانن بگەرێنەوە بۆ عێراق، توانراوە تاڕادەیەک کاریان لەسەر بکرێت، بەهەوڵ و هاوکاری ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەتایبەتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئێستا فڕۆکەیان بۆ دابینکراوە، تائێستا دوو وەجبەیان گەڕاونەتەوە، لە ڕۆژانی داهاتووش، وەجبەکانی دیکە دەگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com