نوچە: ئاژانسەکان
بەڕێوەبەری سەنتەری رێگریكردن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان لە ئەمریكا رایدەگەیەنێت، لە وەرزی زستاندا شەپۆلێكی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرهەڵدەداتەوە.
رۆبەرت رێدفیڵد، بەڕێوەبەری سەنتەری رێگریكردن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان لە ئەمریكا، لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا هۆشداریی دا لەوەی لە زستانی داهاتوودا كۆرۆنا لە وڵاتەكە سەرهەڵدەداتەوە و پێویستە بە توندی روبەڕووی ببنەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانێ ئەمریكا تواناكانی بۆ ئەنجامدانی پشكنین زیاتربكات، بۆئەوەی ئەو كەسانەی توشبوون، لەگەڵ ئەوانەی، كە بەركەوتنیان هەبووە، خێرا بدۆزرێنەوە و جیابكرێنەوە.
ئەو پسپۆڕە تەندروستییەی ئەمریكا پێیوایە ”وڵاتەكەی لە ئەمساڵدا نەیتوانی پێشوەخت رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكات، بۆیە كەرتی تەندروستی بەشێوەیەكی باش لە خزمەتی هاوڵاتیاندا نەبووە، بەڵام دڵنیایی دا لە ئێستاوە كاردەكەن بۆئەوەی وەرزی داهاتوو بتوانن بە شێوەیەكی كاریگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە رابگرن”.