ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ بڕیاری دا

0

نوچە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی پشووی دامەزراوەکانی حکومەت تاوەکو 2_ی ئایار و بەردەوامبوونی رێکارەکانی خۆپارێزی.

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخی تەندروستی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێنراوە و دوایین پێشهات و پلانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوتوێ کراوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداربووە، ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاونیشتمانیانی کردووە بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی، هەروەها بڕیاردرا پشووی فەرمی دامودەزگاکانی حکومەت تا 2 ی ئایار درێژبکرێتەوە و رێکارەکانی خۆپارێزیش بەردەوام بن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر خەڵک سووک بکەین بەشێوەیەک کە کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەکان نەکات”. 

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی راسپێردرا، ئامادەکاری بکات بۆ ناردنی شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارە فیدراڵییەکان بەمەبەستی بەدواداچوونی ماف وشایستەکانی ھەرێمی کوردستان، یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ رووبەڕوبونەوەی قەیرانی کۆرۆنا و قەیرانی بارودۆخی دارایی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش.

هەر لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران لە (32) مین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، داوایکرد، کە حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسیارێتی دەستووری خۆی جێبەجێ بکات لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زیانانەش، کە بەر ھەرێمی کوردستان کەوتوون لە دەرئەنجامی سیاسەتی کاولکاریی رژێمەکانی پێشوو وەک لە دەستووردا بە ئاشکرا جێگیرکراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها هێرشی حەفتەی رابردووی “تیرۆرستانی داعشیشی” بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆ ئیدانە و شەرمەزار کرد، کە “بووەهۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی دیکە، ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ھێشتا مەترسی تیرۆر ماوە و کۆتایی پێنەھاتووە”. ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هێزی پێشمەرگەشی کرد کە “جگە لە راپەڕاندنی ئەرکی پاراستنی ھەرێمی کوردستان لە ھێرشی تیرۆریستان یارمەتی ئاسایش وهێزەکانی ناوخۆش دەدات بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com