بەرهەم ساڵح: ئەركی حكومەتە قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكان بكاتەوە

0

نوچە

لەیادی 32 ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا، سەرۆك كۆماری عیراق، پەیامێكی هاوسۆزی لەگەڵ كەسوكاری قوربانیانی شاڵاوەكانی ئەنفال بڵاوكردەوە و جەختدەكاتەوە لەوەی، کە سەرجەم گەلانی عیراق بێ جیاوازی بوونە قوربانی سیاسەتە تاوانكارییەكانی رژێمی بەعسی لەناوچوو، بۆیە ئەركی حكومەتی عیراق و سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانە كاربكەن بۆ قەرەبوكردنەوەی كەسوكاری قوربانییەكانە.

دەقی  پەیامی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ یادی ئەنفال:

32 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بەدناودا تێدەپەڕێت كە رژێمی بەعسی لەناوچوو بێ رەحمانە دژی گەلەكەمان ئەنجامی دا، بەڵام ئازار و سوێی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە هەرگیز نابڕێتەوە، كە لەپاڵ تاوانەكانی تری ئەو رژێمە دكتاتۆرە بووە ناسنامەی زوڵم و چەوساندنەوەو كۆمەڵكوژی گەلی كوردستان و سەرجەم خەڵكی عێراق.

ئەو یادە پڕ لەناسۆرە دەكەینەوە بەشێك لە ئەنجامدەرانی كارەساتی ئەنفال بەسزای یاسایی خۆیان گەیشتن، بەڵام هێشتا كاری زۆرمان لەپێشە بۆ نەهێشتنی ئاسەواری ئەنفال و كۆمەڵكوژییەكانی دیكەی بەعس، چونكە وەك ئاشكرایە سەرجەم گەلانی عێراق بێ جیاوازی بوونە قوربانی سیاسەتە تاوانكاریەكانی ئەو رژێمە، بۆیە ئەركی هەموومانە لە حكومەتی عێراق و سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانە‌ كە كار بكرێت بۆ قەرەبوكردنەوەی كەسوكاریان و ناسینەوەی روفاتەكان و گواستنەوەیان بۆ زێدی خۆیان و گەشەپێدانی ناوچەكانیان لەرووی خزمەتگوزارییەوە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ ناساندنی وەكو تاوانێكی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی بگیرێت.

ئەمساڵ بەهۆی تەشەنەكردنی پەتای كۆڤید 19 لەسەرئاستی جیهان دەرفەت نییە وەك پێویست یادی لەدەستچوونی ئەو ئازیزانە بكرێتەوە، بەڵام بەدڵنیایەوە یادو یادەوریان لە دڵی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە هەمیشە زیندوە.

د. بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق

2020-4-14

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com