نوچە
وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، کردەوە تیرۆریستییەکان بەمدواییە لە عێراق روو لە زیادبوونن. دەشڵێت ”رێگە بە چەتە تیرۆریستەکانی داعش نەدەین رەوشی ئێستای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق بقۆزنەوە”.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر ئاشکرای کرد، کە چەکدارانی داعش لە جاران بەهێزتربوونەتەوە و چەکی پێشکەوتوویان هەیە و لە حەمرینەوە تاوەکو سووریا ناوچەیان لە بەردەستە و مەشق دەکەن.
نەجاح شمەری، وەزیری بەرگریی عێراق شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکد رایگەیاند: دزەکردن و کردەوە تیرۆریستییەکان بەمدواییە لە عێراق زیادبوون و پێویستە لە هۆکارەکانی بکۆڵینەوە و هەوڵی هەواڵگری بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی چڕتر بکەینەوە.
وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، دەبێت لە هەموو ناوچەکان هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ هەموو رووداوە تیرۆریستییەکان بکەین و رێگە بە چەتە تیرۆریستەکانی داعش نەدەین رەوشی ئێستای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق بقۆزنەوە.
ئەو راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، کە دوێنێ پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی داعش لە باشووری کەرکوک روویدا و شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، پێکدادانەکە بووەتە هۆی “شەهیدبوون”ی سەربازێک و برینداربوونی دوو سەربازی دیکە و کوژرانی 23 چەکداری داعش.