نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕیوبەری ناحیەی خەلیفان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ کەرەنتنەی سەر خەلیفان هەڵگیراوە، بەڵام ڕێکارەکان قەدەغەی هاتووچۆ، بەپێی ڕێمایی و ڕێکارەنەی وەزارەتی ناخۆ و وەزارەتی تەندرووستی بەردەوام دەبێت.
پازدە ڕۆژ لەمەو بەر لە نەحیەی خەلیفانی سەر بە قەزای سۆران، یەکەم حالەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لەوڵاتی بەریتانیا گەڕابووە تۆمارکرا، دواتر بڕیار درا ناحیەکە و گوندەکانی دەوروبەری بۆ ماوەی ١٤ڕۆژ بە تەواوی کەرەنتینە بکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کاروان کەریم خان، بەڕیوبەری ناحیەی خەلیفان، سەبارەت بە هەڵگرتنی کەرەنتینەی ناحیەکەیان، ڕایگەیاند: دوای دڵنیابوون لەوەی، هەموو ئەو پشکنینانەی، کە لە ناحیەی خەلیفان و دەورووبەری کران، هەموو پشکنینەکان نێگەتیڤ بوونە و کەسیان هەڵگری ڤایرۆسەکە نەبوون، ئەمڕۆ بڕیار درا بەهەڵگرتنی کەرەنتینە لەسەر ناحیەی خەلیفان، بەڵام ڕێکارەکان قەدەغەی هاتووچۆ، بەپێی ئەو ڕێمایی و ڕێکارەنەی وەزارەتی ناخۆ، وەزارەتی تەندرووستی و لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی سۆران دەری دەکەن هەر بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی مەترسییەکان بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتەواوی کۆتایی دێت.
بەڕیوبەری ناحیەی خەلیفان دەڵێت “لەماوەی ١٤ ڕۆژی کەرەنتینەکردنی خەلیفان، رێکارەکانی قەدەخەی هاتوو چۆ و کەرەنتینەکردنمان گەیاندە لوتکە، خۆشبەختانە هاوڵاتیانی خەلیفانیش زۆر بە باشی پابەندی رێمایی و ڕێکارەکان بوونە و هاوکاری تیمەکانی ئەمنی، تەندروستی و چاودێرییان کردووە”.
کاروان کەریم خان، گوتیشی”لەماوەی ١٤ رۆژەی کەرەنتینەکردن، تیمەکانی تەندروستی بە سیستەمێکی کونجاو ڕۆژانە پشکنینیان بۆ ئەوکەسانە ئەنجامدەدا، کە گومانیان لێدەکرا و بەرکەوتنیان لەگەڵ توشبووەکانی خەلیفان هەبووە، نزیکەی ٧٥٠ پشکنین لەو ماوەیەدا ئەنجامدراوە و خۆشبەختانە هەموویان نێگەتیڤ دەرچووە و هیچیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوون”.