نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پشکی هەرێم لە هەناردەکردنی نەوت ئەوەندە زۆر نیە کەم بکرێتەوە، ئەگەر بەحەق بێت دەبێت لە پشکی گشتی عێراق کەم بکرێتەوە.
وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی”ئۆپێک”بەرهەمهێنەری نەوت و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە رۆژانە ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆماوەی دوو مانگ کەمبکەنەوە، کە لە یەکی ئایاری ئەمساڵ دەستپێدەکات، عێراقیش یەکێکە لە وڵاتانی ئۆپێک و دەبێت پێوەی پابەند بێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق، ڕایگەیاند”هەر دابەزینێکی نرخی نەوت و کەم کردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت، هەموو یان بەیەکەوە کاریگەرییان لەسەر کۆی ئابووری عێراق هەیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکرێتەوە، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە”.
ئەندامەکەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت”کەم کردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتانی ئۆپێکەوە، بۆ ئەوەیە کە نرخی نەوت بەرز بکرێتەوە و جارێکی دیکە نرخەکەی جێگیر بکرێت، ئەمەش بەتەنها عێراق ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک زەرەر مەندی گەورەی دەستی دابەزینی نرخی نەوتن، ئەمە تەنها پەیوەست نییە بە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتەوە، بەڵکو فشاری نێودەوڵەتیش هەبووە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی وڵاتانی ئۆپیک”.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەزنەیی، دەڵێت” ئابوری جیها بەیەکەوە گرێدراوە و هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بکرێت، بەتایبەتی لە عێراق کاریگەری هەبێت، لە هەرێمیش دەیبێت جا ئەرێنی بێت یان نەرێنی، بۆیە ئەوەش دەکەوێتەوە سەر لیژنەی دانوستاندکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق، چۆن ئەم پرسە گفتوگۆ دەکەن و چۆن چارەسەری دەکەن”.
هەروەها، گوتیشی”پشکی هەرێمی کوردستان لەهەناردەکردنی نەوت ئەوەندە زۆر نیە کەمبکرێتەوە، ڕۆژانە ٤٧٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت، ئەگەر ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بکات، ڕاستەوخۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی بۆ پێداویستی ناوخۆییە، بۆیە ئەگەر بەحەقبێت خۆی دەبێت لە پشکی گشتی عێراق کەمبکرێتەوە، نەک لە پشکی هەرێم”.