نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، مستەفا کازمی، هاتووەتە سەر دۆخێکی داڕماو لە عێراق، بۆیە کۆمەڵێک ئاڵنگاری ڕووبەڕووی دەبنەوە.
دوای بڕیاری کشانەوەی، عەدنان زرفی، لە راسپاردنی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە ٩-٤-٢٠٢٠، سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی، بەفەرمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ڕاسپارد، ڕاسپاردنی بە کۆدەنگی لایەنە شیعەکان بووە و هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی پاڵپشتی خۆی دەربڕیوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ڕاسپاردنی مستەفا کازمی، رایگەیاند: کۆمەڵێک ئاڵنگاری ڕووبەڕووی، مستەفا کازمی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەبێتەوە، چونکە ئێستا هاتووەتە سەر دۆخێکی داڕماوی عێراق، لە رووی سیاسی، ئابووری، تەندروستی، نەبوونی متمانە لەنێوان پێکهاتەکان، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمی.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، کۆ دەنگی هەیە لەسەر مستەفا کازمی، ئەگەر ئەو کۆ دەنگییەش کۆدەنگییەکی ڕاستەقینە بێت و هاوکار و پاڵپشتیبن، دەتوانێت لەم قۆناغەدا عێراق بەرە و باشتر ببات.
سەبارەت بە سەرکەوتنی حکومەتەکەی، هەرکی دەڵێت “ئەوە دەمێنێتەوە سەر خودی مستەفا کازمی خۆی، کە دەبێت حکومەتێکی فیدراڵی پێکبهێنێت، سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لەخۆی نزیک بکاتەوە و هەموو پێکهاتەکان هەست بەبوونی خۆیان بکەن لە ناو ئەو حکومەتەدا، بۆئەوەی لەم کاتەدا هاوکاری بکەن و حکومەتەکە بەڕێوە ببەن”.
هەرکی هەروەها گوتیشی “هەر کەسێک، ڕابسپێردرێت بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێویستە سەردانی لایەنەکان بکات، هەرێمی کوردستانیش بەشێکی گرنگی عێراقە و ڕەنگه سەردانی هەرێم بکات، جا کەی و چۆن دەبێت ئەوەیان دەمێنێتەوە سەر خۆی و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان”.