نوچە
ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی 10-4-2020) سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی بۆ رای گشتی لەبارەی هەواڵی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێكی كورد بڵاو كردەوە.
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ماوەی چەند ڕۆژە هەواڵێك لە ڕاگەیاندنەكان بڵاو بووەتەوە، كە ژمارەیەك كەسی سەر بە هێزەكانی حەشد و پۆلیسی عێراقی لە نزیك بازگەی پردێ دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژنێكی كورد، كە كەمئەندامە و لە خێزانێكی زۆر هەژار و بێ دەستەڵاتی سنووری پارێزگای كەركووكە.
داوا لە حكومەتی فیدرال و حكومەتی هەرێم دەكەم بە هاوبەشی لێكۆڵینەوەی تەواو لەم تاوانە قێزەوەنە بكەن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان. ئەمە تاوان و ستەمێكی زۆر گەورەیە، كە لە هاوڵاتییەكی بێ پەنای كورد لەژێر سایەی ئیدارە و واقعی سەربازی سەپێندراوی كەركوك كراوە، كە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا ئەم دەستەڵاتە لەسەر ئەوە ڕاهاتووە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە دژایەتی هاوڵاتیانی كوردی كەركوك و مافەكانیان بكات.
با هیچ كەس و لایەنێك وا بیر نەكاتەوە، كە تاوانی لەم جۆرە بەسەریاندا تێدەپەڕێ یان چاوپۆشییان لێ دەكرێ، ئەم دەستدرێژییە شكاندنی كەرامەتی هاوڵاتیانی نەك تەنیا كەركوك، بەڵكو هەموو كوردە، ئەنجامدەرانی ئەم بێویژدانییە دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
مسعود بارزانی
10ـی 4ـی 2020