نەوزاد عەلی-سلێمانی
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، تاکو هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆی، ئەو بۆشاییە ئەمنییانە هەر دروست دەبێت و چالاکییەکانی داعش بەردەوام دەبێت. دەشڵێت ”سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەش لە ئامادەباشی تەواودان و خۆیان ئامادەکردووە بۆ هەر ئەگەر و مەترسییەک”.
بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دروستبووە چەکدارانی داعش بوونەتە مەترسی بۆسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، حکومەتی عێراقیش پشتگوێی خستووە، لە دواهەمین چالاکی داعشدا، شەوی (سێشەممە ٧\٨-٤-٢٠٢٠) کاتژمێر ١٠:٤٥خولەک لە سنووری شارۆچکەی کوڵەجۆ لە گەرمیان چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزێکی پێشمەرگە و بە هۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوو.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا زریان شێخ وەستانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی قەرەچووغ و گەرمیان، لە بارەی جموجۆڵی داعشەوە، ڕایگەیاند: چەکدارانی داعش توانیویانە سود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرن، کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، سوپای عێراق ناتوانێت ئەو ناوچانە پاک بکاتەوە و هێزێک لەو بۆشاییە ئەمنییانە جێگری بکات، بۆیە داعش لەوێوە بە ئاسانی چالاکی ئەنجامدەدەن.
لیوا زریان شێخ وەستانی، گوتیشی “تاکو حکومەتی عێراق و سوپای عێراق هەماهەنگییەکی ڕێکوپێک لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکات و هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆی، ئەو بۆشاییە ئەمنییانە هەر دروست دەبێت و چالاکییەکانی چەکدارانی داعشیش هەر زیاد دەکات”.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ئاماژە بەوەشدەکات، بەو پێیەی پێشتر پێشمەرگە شەڕی زۆری لەگەڵ داعش کردووە و ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوەشی لەگەڵ داعش هەیە، هێزی پێشمەرگە دەتوانێت بەبێ سوپای عێراقیش هەموو ئەو ناوچانەی، کە پێش ١٦-ی ئۆکتۆبەر لەدەستی پێشمەرگە بووە، جارێکی دیکە بییان گرێتەوە و لە چەکدارانی داعش پاکیان بکاتەوە.
هەروەها دەڵێت “سنوورەکانی هێزی پێشمەرگە توندوتۆڵکراون، سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەش لەئامادەباشی تەواودان وخۆیان ئامادەکردووە بۆ هەر ئەگەر و مەترسییەک کە لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بێت لە لایەن دووژمنانی کوردەوە، پێشمەرگە بە ورەیەکی پۆڵایینەوە سەنگەرەکانی پاراستووە”.