نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری ناحیەی بازیانی سەر بەپارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی تووشبونی دوو كەس بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ناحیەی بازیان، ناحیەكە بۆماوەی ١٤ كەرەنتین كراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ئیسماعیل ئەحمەد، بەرێوەبەری ناحیەی بازیان، ڕایگەیاند”دوای تۆمارکردنی ٢حاڵەتی کۆرۆنا لە ناحیەی بازیان، بڕیار درا ناحیەکە بۆماوەی ١٤ ڕۆژ کەرەنتین بکرێت، سەرجەم دەروازەکانی چوونە ناوەوە قەپاتکراون و تەنها یەک ڕێگا هەیە ئێستا بچێتە ناو بازیانەوە، لەوێش بازگەیەکی ٢٤ کاتژمێریمان داناوە بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت ڕێگە نادرێت هاتووچۆ بکرێت، هەروەها بازاڕەکەش بە تەواوی داخراوە و تەنها هەندێک مارکێتی ناو کۆڵانەکان نەبێت ئەویشی بۆ پێداویستی ڕۆژانەی خەڵکە”.
بەڕیوەبەری ناحیەی بازیان، دەڵێت”تائێستا پشکنین بۆ ١٤ کەس کراوە دوو کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەمڕۆش تیمێکی پزیشیکی تایبەت لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە هاتوون و پشکنینیان بۆ ٢٠ کەسی دیکە، کە بەرکەوتنی ڕاستەو خۆیان لەگەڵ ئەو تووشبووانەدا هەبوە کردووە، چاوەڕوانین ئەنجامی پشکنینەکانیان دەربچێت، سەرجەم ئەندامانی ئەو دوو خێزانە تووشبوەش لەسلێمانی کەرەنتین کراون”.
ئیسماعیل ئەحمەد، گوتیشی”تووشبوی یەکەم ئافرەتێک بووە و سەردانی پرسەکەی چەمچەماڵی کردووە، دیارە بەرکەوتنی لەگەڵ تووشبووەکانی چەمچەماڵ هەبووە، لەڕێگەی هێزە ئەمنیەکانەوە زانیاری ئەوەمان هەبووە، کە ئەم ئافرەتە بەشداری پرسەکەی چەمچەماڵی کردووە، دوای دووجار پشکنین بۆی ئینجا دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە”.
ناوبراو جەختیشیکردەوە، ڕۆژانە پشکنینەکان لە بازیان بەردەوام دەبێت بۆئەوەی هەموو ئەوە کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن ئاشکرا بکرێن”.
بەرێوەبەری ناحیەی بازیان داوا لە هاوڵاتیان دەکات”داوا لە هاوڵاتیانی بازیان دەکەین کە پابەندی ڕێنماییەکانبن، هاوکاریمان بکەن و لەماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و سەردانی یەکتری نەکەن”.