نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەئێستادا کار ئاسانی تەواو بۆ خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان کراوە، کە بچنە سەر پڕۆژەکانیان.
بە هۆی قەدەغەی هاتوو چۆوە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، جوتیاران و خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵی و کێڵگە پەلەوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان، گرفتی چوونە سەر پڕۆژەکانیان بۆ دروستبووبوو.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە چارەنوسی بەروبومە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان، ڕایگەیاند”لەم دۆخەدا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان، دەسەڵاتیان داوەتە پارێزگاکان، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، بە هەوڵی وەزارەتمان ئێستا بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و بەڕێوەبەری ڤێرتەنەری پارێزگاکان، ئەندامن لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان”.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، گوتیشی”لە ئێستادا کار ئاسانی تەواو کراوە بۆ هەموو جوتیاران، خاوەن پڕۆژە، کۆمپانیا کشتوکاڵی و کێڵگەپلەوەرییەکان، کە بەئاسانی بگەنە سەر پڕۆژەکانیان و بتوانن ڕۆژانە پێداویستییە کشتوکاڵییەکانیان بگەیەننە سەر پڕۆژەکان”.
سەبارەت بەفرۆشتنی بەروبومەکان، حوسێن حەمە کەریم، دەڵێت”ئەو خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵییانەی لە هەرێمی کوردستان، بەروبومیان هەیە، کارئاسانی تەواویان بۆکراوە، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە لە ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان دیاریکراوە، دەتوانن بەروبومەکانیان ساغ بکەنەوە”.