نوچە
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا كە بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرز كراوەتەوە، ئاماری ئەو راگیراوانەی، كە ئازاد دەكرێن بە دەستەبەری و هەروەها ئەو زیندانیانەی، كە حوكمدراون و بە ئازادكردنی بەمەرج، ئازاد دەكرێن رادەگەیەنێت.
لە نووسراوەكەی ئەنجومەنی دادوەریدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان / نوسینگەی تایبەتی سەرۆكی هەرێم كراوە هاتووە، “دوا بە دوای هەردو نوسراومان ژمارە (فق لە 28/3/2020) و (فق لە 5/4/2020) ئاماری ئەو راگیراوانەی كە ئازادكراون بە دەستەبەری (كفالە) لە سنوری هەرچوار سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك-گەرمیان) و هەروەها ئاماری ئازادكردنی بە مەرج (الافراج الشرگی) ئەو زیندانیانەی (محكوم) كە لە چاكسازییەكانی پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆكن، لە رۆژانی (30/3/2020 تاوەكو 5/4/2020) بۆتان دەنێرین”.
ئەنجومەنی دادوەری راشیگەیاندووە “كۆی گشتی ئازادكردنی گیراوەكان و بەردانی بە مەرج لە هەر چوار دادگای تێهەڵچونەوەی هەرێم 1474 كەسن. لە هەولێر 812 گیراو، ئازادكراون و لەو ژمارەیە بەردانی بە مەرج 26 كەسە. لە سلێمانی 440 گیراو ئازاد كراون و لەو ژمارەیە بەردانی بەمەرج 12 كەسە. لە دهۆك ژمارەی ئازادكردنی گیراوەكان 170 كەسە و 30 كەسیان بەردانی بە مەرجە. لە ناوچەی كەركوك-گەرمیان 21 راگیراو ئازادكراون لەگەڵ یەك نەوجەوان.
ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەكردووە،”پرۆسەی بەردانی راگیراوان و ئازادكردنی بە مەرج بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی داهاتودا ئاماری نوێ بڵاو دەكرێتەوە.”

