نوچە
ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی رایدەگەیەنێت، هیچ رۆژێك سعوودیە دژی شۆڕشی كورد نەوەستاوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی ٣-٤-٢٠٢٠)، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە دیدارێکیدا لە بەرنامەی (ئەلسەتڕول ئەوسەت)-ی كەناڵی (ئێم بی سی)-ی عەرەبی، چەند یادەوەرییەكی شۆڕشی ئەیلوولی گێڕایەوە و باسی لە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتە عەرەبییەكان كرد، بە تایبەتییش ئاماژەی بەوەدا، كە هیچ رۆژێك سعوودیە دژی شۆڕشی كورد نەوەستاوەتەوە.
سەرۆك بارزانی لەم دیدارەدا باسی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولی كرد و ئاماژەی بەوە دا، كە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا كورد بەشدارییان كرد، لە بەرانبەریشدا سوپای سووریا چوونە پاڵ سوپای عێراق و هێرشیان كردووەتە سەر پێشمەرگە، لە ئەنجامیشدا تووشی شكستی گەورە بوون.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد كە هەریەك لە سوپای ئێران و سوپای توركیاش بەشداری شەڕەكەیان كردووە لە دژی شۆڕشی ئەیلوول، لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیشەوە بە گشتی بەرانبەر بە شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆك بارزانی دەڵێ “رەنگە لە ناخەوە هاوسۆز بووبن، بەڵام وەكو هەڵوێستی فەرمی كەسیان پشتیوانییان نەكردین، تەنها ئەو كاتە نەبێت كە ناكۆكی كەوتە نێوان حزبی بەعس و جەمال عەبدولناسر سەركۆماری ئەوسای میسر، دوای ئەو ناكۆكیە، محەمەد حەسەن هەیكەل دەستی كرد بە نووسینی وتار لە رۆژنامەی “ئەلئەهرام”ی میسری و پشتیوانی شۆڕشی دەكرد”.
لە وەڵامی پرسیارێكی پێشكەشكاری بەرنامەكەدا كە داخۆ میسر جگە لەم ڕووە رۆژنامەوانییە، هیچ هاوكارییەكی مادی یان سەربازیی شۆڕشی ئەیلوولی كرد؟ سەرۆك بارزانی گوتی “نەخێر بە هیچ شێوەیەك، تەنها پشتیوانی مەعنەوی بوو، كە تا ئاستێكی سنووردار كاریگەری هەبوو، لە ڕووی مەیدانیشەوە هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر شۆڕشی ئەیلوول نەبوو”.
هەروەها لەبارەی هەڵوێستی سعوودیەوە بەرانبەر شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆك بارزانی دەڵێ “لە بیرم نایەت هیچ رۆژێك لە رۆژان سعوودیە لە دژمان وەستابێت، لە كاتێكدا بەشێك لە وڵاتە عەرەبییەكان پشتیوانیی بەعسیان دەكرد و چەپڵەیان بۆ سوپای عێراق لێ دەدا و بروسكەی پیرۆزباییان بۆ سەركۆمارەكەی دەنارد”.