نوچە
جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو باجانەیان دەرکردووە، کە وەکو رێگەپێدان بە هاونیشتمانیانیان دابوو، دەشڵێت، 10 رۆژی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ هەولێر.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر لەبارەی بەردەوامی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بەو پەتایە لە شاری هەولێر بە میدیاکانی رایگەیاند: قەدەخەی هاتوچۆ و بەرنەکەوتن لەگەڵ یەکدی تاوەکو ئێستا باشترین چارەسەر بووە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، ئەو حاڵەتە نوێیانەی تۆماریش دەکرێن بەهۆی پابەندنەبوونی هاونیشتمانیانە بە رێنماییەکانی حکومەت.
جێگری پارێزگاری هەولێر دەشڵێت “ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی مەترسیدار داین، 10 رۆژی داهاتوو یەکلاییکەرەوە دەبێت بۆ شاری هەولێر، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بدۆزینەوە، کە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن لەنێو گەڕەک و کۆمەڵگایەکان”.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ناوچە و گەڕەک و شوێنانەی لە شاری هەولێر کەرەنتین کراون، هێمن قادر گوتی “سەرەتا کۆمەڵگەی سێبیران کەرەنتین کرا، دوای چوار رۆژی دیکە ماوەی کەرەنتینەکەی تەواو دەبێت، بە داخەوە لەو کۆمەڵگەیە 15 کەس تووشی ڤایرۆسەکە ببوون. پاشان گوندی گاینجی سەروو گوندێکی دیکە کەرەنتین کرا، بەڵام خۆشبەختانە هیچ کەسێکیان هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نەبوون. هاوکات ناحیەی خەلیفان لە سنووری قایمقامیەتی سۆران ئەویش کەرەنتین کراوە بەهۆی ئەوەی چەند کەسێک لەو ناوچەیە تووشی ڤایرۆسەکە ببوون”.
بە گوتەی گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر، تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر، ” 65 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیە 10 یان چاکبوونەتەوە، 55 کەسەکەی دیکە لەژێر چاودێری و چارەسەرکردندان”.
بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هاتوچۆیەی لەسەر شەقامەکان دەبیندرێت، جێگری پارێزگار هەولێر دەڵێت “دوێنێ بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو باجانەی، کە لە رێگەی پارێزگای هەولێرەوە بۆ هاوڵاتیان دروستکرابوو بۆ ئەوەی هاتوچۆ بکەن، لەمەوبەدوا کار بەو باجانە ناکرێت، چونکە هەندێک کەس ئەم باجانەیان بە خراپ بەکاردەهێنا”.