وەزیری ناوخۆ: لەماڵ بمێننەوە

0

نوچە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بۆ باشتر كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆ ماوەی 10 رۆژی تر درێژ دەكەینەوە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: دوای راوپێشنیاری یەكە كارگێڕیەكان و وەزارەتی تەندروستی، بە رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیارماندا، كە قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە تا 10ی نیسان.

رێبەر ئەحمەد باسی لەوەشكرد، كە یەكێك لە هەنگاوەكانیان بابەتی قەدەغەی هاتووچۆ بووە تا ئەو ڤایرۆسە تەشەنە نەكات، لە قۆناغی دووەمیشدا دەوامی دام و دەزگا فەرمییەكان راگیرا. هەموویشی بەسەریەكەوە قەدەغەی هاتوچۆ كاریگەریی هەبووە لە تەشەنەنەكردنی ڤایرۆسەكە، بۆیە ئێمە لە نیگەرانی و زەحمەتییەكانی خەڵكی كوردستان تێدەگەین و ئەوانەیشی، كە بژێویان تێكچووە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداری ئەو نیگەرانییەین و پەیامەكانتان گەیشتووە، بەڵام سەلامەتی هاوڵاتیانی كوردستان و تەندروستی كۆمەڵگەی كوردستان، ناچارین قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكەینەوە و داوا لە هاوڵاتیانیش دەكەین لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

رێبەر ئەحمەد وتیشی: داوا لە هاوڵاتیان دەكەین كە لە ڕێگەی ژمارە تەلەفۆنەكان زانیاریمان پێ بدەن.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری ناوخۆ وتی ئاڵوگۆڕی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە بریارماندابوو رابگیرێت، بەڵام بڕیارمانداوە كە ئاڵوگۆڕی هێزەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكانی خۆیان بەردەوام دەبێت و بەمەرجی ئەوەی بە هەماهەنگی لە نێوان یەكە كارگێڕییەكان ئاڵوگۆڕبكەن و نابێ بەبێ ئاگاداری ژووری ئۆپەراسیۆن بكرێت.

وەزیری ناوخۆ باسی لەوەكرد، كە لە خاڵەكانی پشكنین هەندێك كێشە دروست بووە بۆیە داوای لە هەموو هێزەكان كرد كە رێنمایی تیمەكانی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت و ئەوانەیشی لە ئەركدان فشاریان لەسەر دروست نەبێ بۆیە داواكاربوون كارئاسانی و هاوكاری هەبێت.

لەبارەی دروستبوونی كێشە لە كەرەنتین و كاتی گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ ناو كوردستان وەزیری ناوخۆ گوتی، كە لە هیچ كەسێك قبوول ناكەن گرفت دروست بكات و ئەوانەی بانگەشەی شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ دەكەن هەر كەسێك ئەو بانگەشەیە بكات، دەبێ بە پێی یاسا سزابدرێن و رێكارە یاساییەكانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

لەبارەی ئاسانكاری بۆ قەدەغەی هاتوچۆ كە لەسەر داوای پارێزگارەكانەوە ئاراستەكراوە وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ئێمە لە حكومەت قەدەغەی هاتوچۆمان راگەیاندووە و نابێ هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل هەبێت، بەڵام ئاسانكاری لەسەر ئاستی پارێزگاكان دەسەڵات دراوەتە پارێزگارەكان تا لە سنووری خۆیان ئاسانكاری بكەن. وە ئەوانەشی كە خێزان و كەس و كاریان لە پارێزگایەك گیربووە و خۆیان لە شارێكی دیكەن لە ماوەی 72 كاتژمێردا رەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان وەربگیرێت تا ماڵ و مناڵیان بێننەوە لای خۆیان.

هەروەها لە 1ی شەو تا 6ی بەیانی هاتوچۆ بەو هاوڵاتیانە دەدرێت، كە پێشتر رێگەپێدراون و بەهیوای پابەندی هەموو لایەك دەكەین.

لە كۆتاییدا وەزیری ناوخۆ باسی لەوەكرد، كە قۆناغی سەختمان بڕیوە و زیانیشمان بەركەوتووە لەسەر هەموو ئاستەكان، بۆیە دەبێ بەردەوام بین و پێداگری لەسەر ئەوە دەكەین، كە لەماڵەكانتان بمێننەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com