نوچە
بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان روونکردنەوە لەبارەی هەڵاتنی چەکدارە زیندانیکراوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دەدات.
ئەمڕۆ (دووشەممە 30-3-2020)، ئاژانسی (ANF) لە زاری رووبار حەسەن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی گرتووخانەی حەسەکە بڵاوی کردووەتەوە، رووداوەکە کاتژمێر 8ـی شەوی یەکشەممە لە گرتووخانەی حەسەکە روویداوە، کە گرتووخانەکە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)وە بەڕێوە دەبرێت.
هەروەک ئەو ئاژانسە بڵاوی کردووەتەوە، چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دەستیان بە نانەوەی ئاژاوە کردووە، ئاگریان کردووەتەوە و هەوڵیان داوە پاسەوانەکانی گرتووخانەکە بەدیل بگرن.
رووبار حەسەن هەروەها رایگەیاندووە، داعشە زیندانیکراوەکان، کە سەرەتا داوای هاوکارییان لە خاچی سوور و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرد، دەرگای گرتووخانەکە، دیوار و کامێراکانی چاودێرییان شکاند.
ئەو بەرپرسەی گرتووخانەی حەسەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە داعشەکان لەناو گرتووخانەکە چوونەتە دەرەوە و لە حەوشەکەی ماونەتەوە، بەڵام زانیارییە میدیاییەکان باس لە هەڵاتنی ژمارەیەک چەکداری دەستگیرکراوی داعش دەکەن.
بەگوتەی بەرپرسانی گرتووخانەکە، ئەو یاخیبووانەی کە دەستیان بەسەر بەشێک لە گرتووخانەکەدا گرتبوو، ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس دەبوو، لەکاتێکدا گرتووخانەکە پێنج هەزار چەکداری داعشی تێدایە، بەرپرسانی گرتووخانەکەش دەڵێن هیچ بەریەککەوتنێک لەنێوان چەکدارە یاخیبووەکانی داعش و هێزەکانی خۆپارێزی لەو گرتووخانەیە دروست نەبووە و هیچ قوربانییەکیشی لێنەکەوتووەتەوە.
هاوکات پەیوەندی بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش کراوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکرێت، بەڵام ئەوان تەنیا بە فڕۆکە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و چاودێری گرتووخانەکەیان لە ئاسمانەوە کردووە.
دەگوترێت یاخیبوونی ئەو چەکدارانەی داعش بەهۆی خراپیی رەوشی گرتووخانەکەیە، ماوەیەک نەخۆشی سیل لەنێو بەندکراوەکان بڵاوبووەتەوە، ئەگەرچی نەخۆشخانەیەک لەنێو گرتووخانەکەدا هەیە، بەڵام پێنج هەزار زیندانی ژمارەیەکی ئەوەندە کەم نییە تاوەکو بتواندرێت رەوشەکە کۆنترۆڵ بکرێت.


