نوچە
لەگەڵ بەردەوامبوونی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لەدوای ساڵی 2002.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 30-3-2020) نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی سەدا6.7 کە دەکاتە 1 دۆلار و 68 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 23 دۆلار و25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. دابەزینەکەش بەردەوام بوو و لە کاژێر 11:30 خولەک بووە 20 دۆلار.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی سەدا 5.4 دابەزی و هەر بەرمیل نەوتی تێکساس گەیشتە خوار 20 دۆلار.
هۆکاری بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو کاڵا ستراتیژییە دەگەڕێتەوە و هەروەها رێکنەکەوتنی سعودیە و روسیایە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
سعودیە بەڵێنی داوە، بازاڕەکان پڕبکات لە نەوتی هەرزان و بەوهۆیەشەوە شەڕی نرخەکانی نەوتی لە دژی روسیا و بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت بەرپاکردووە، ئەوەش نرخی نەوتی لەو کاتەی، کە خواستێکی ئەوتۆ بۆ نەوتی خاو نەماوە، دابەزاندووە بۆ کەمترین ئاست.
سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر سعودیە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ بازاری نەوت، بەڵام بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاندووە، ئامادە نین لەگەڵ روسیا کۆببنەوە و چارەسەرێک بۆ دابەزینی نرخی نەوت بدۆزنەوە.