عێراق تاکەی دەتوانێت پارەی یەدەگ بەکاربهێنێت؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق خاوەنی زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلار دراوی یەدەگە و لە حاڵەتی ناچاری دەتوانێت ئەو پارەیە بەکار بهێنێت.

بەهۆی دابەزینی نرخی تەوت داهاتی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، ئەمەش کێشە بۆ حكومەتی عێراقی دروست دەکات و ناتوانێت وەک پێویست موچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، بۆیە رەنگە عێراق دراوی یەدەگی بەکار بهێنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە زۆرەی لە بودجەکەیدا دروست دەبێت. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی قەیرانی دارایی عێراقەوە، ڕایگەیاند: عێراق دووچاری قەیرانێکی دارایی بووەتەوە بەهۆی ئەو ئەزمە سیاسییەی قوڵی، کە هەیە، سەرەڕای ئەوەی، کە ئەزمەیەکی دارایی گەورە ڕووی لە عێراق کردووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، هەروەها قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە”.  

سەبارەت بە پارەی یەدەگی عێراق، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت “ئەوەی، کە باس دەکرێت عێراق خاوەنی زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلار پارەی نەختێنەییە (یەدەگە)، لە حاڵەتی ناچاری دەتوانێت ئەو پارەیە بەکاربهێنێت، بەڵام بەکارهێنانی ئەو پارەیەش پێوستی بە ڕەزامەندی بانکی مەرکەزی هەیە و پەیوەستە بەو ڕێوشوێنانەی، کە سندوقی نەقتی و بانکی نێو دەوڵەتی دیارییان کردووە”.

شێروان میرزا گوتیشی “کەم بوونەوەی پارەی یەدەگی عێراق کار لە دراوی عێراقی دەکات، ئەمە حاڵەتی ناچارییە ئەگەرنا باش نییە، دەستکاری ئەم پارە یەدەگە بکرێت، چونکە ئەمە وادەکات کە قوەتی پارەی عێراقی کەم بێتەوە، پێشبینی دەکرێت عێراق بتوانێت ٦ مانگ تا ساڵێکیش، بەتایبەتی بۆ موچە و پڕۆژە تەشغیلییەکان سوود لە پارەی یەدەگی خۆی وەربگرێت”. 

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، تائێستا حکومەتی عێراقی پارەی یەدەگی خۆی بەکارنەهێناوە، پارەی نەوتی مانگەکانی پیشووی بەکارهێناوە، ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت ئەوا بۆ مانگی چوار کێشەی بۆ دروست دەبێت، ڕەنگە ئەو پارە یەدەگە بەکاربهێنێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com