نوچە-شفق نیوز
هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، نیگەرانی ئەگەری هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر هێزە میلیشاییەکانی ئەم وڵاتە.
دوای ئەوەی، کە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز راپۆرتێکی لەبارەی پلانی هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر گروپە میلیشاییەکانی سەر بە ئێران بڵاو کردەوە، هاوپەیمانی فەتح هاتە سەر خەت.
حامید موسەوی، نوێنەری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمان لەم بارەوە ڕایگەیاند: بە فەرمی داوایان لە پەرلەمان کردووە لە بارەی ئەم پلانە سەربازییەی ئەمریکا کۆبێتەوە و هەڵوێستی فەرمی خۆی بە واشنتۆن رابگەیەنێ.
هاوپەیمانی فەتح، هەروەها داوای لە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق کردووە، هەڵوێستی فەرمی بەرامبەر بە ئەمریکا هەبێت و داوا لە واشنتۆن بکات لە هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر گروپە میلیشاییەکان خۆی بە دوور بگرێت.