بەشیر حەداد: تا عێراق موچەی فەرمانبەرانی بدات موچەی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت

0

نوچە-روداو

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بە دابەزینی نرخی نەوت عێراق گورزێکی ئابووری زۆر گەورەی بەرکەوتووە و داهاتەکەی زۆر کەمبووەتەوە بەڵام تا ئەوکاتەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش مسۆگەرە.

 بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووڕۆژی دۆستان رایگەیاند: ” داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە لەماوەی قەدەخەی هاتووچۆ بڕە پاریەکی بڕاوە بۆ کەمدەرامەتان و ئەوانەی بژێوییان لەسەر کاری رۆژانە بووە بدرێت کە مانگانە لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت بۆ ئەو یەک دوو مانگە”. 

رووداو: بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت عەدنان زورفی سەردەکەوێت؟ یان هەر لە ئێستاوە نیشانەکانی سەرنەکەوتنی دەرکەوتوون. 

بەشیر حەداد: ئەو بەڕێزە لەوکاتە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەندێک لایەن لەنێو ماڵی شیعەدا ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا بە راسپاردنی، رۆژبەڕۆژیش ئەو ناڕەزایەتیانە زیاد دەبێت. بەشێکیش لە شەقامی عێراقی ئەوانیش ناڕازین، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی ئەم بەڕێزە لە 17ی مانگەوە راسپێردراوە، هیچ رێگایەک نییە بۆ ئەوەی بیگۆڕن یان لێی رزای نەبن یان وەدەری بنێن، جیا لە دوو میکانزم نەبێت، یەکێکیان ئەوەیە بۆخۆی داوای لێبووردن بکات و بکشێتەوە، یانیش ماوە یاساییەکەی کە 30 رۆژە تەواو بکات بێ ئەوەی بتوانێت متمانە بەدەست بهێنێت. ئینجا بیر لەوە دەکرێتەوە کە جێگرەوەیەک بۆ ئەو بەڕێزە دابنرێت، جیا لەو دوو میکانزمە هیچ شتێکی دیکە ناکرێت. بۆیە ئەو لایەنانەی ئێستاش ناڕازین راسپاردنی عەدنان زورفی هیچ شتێکی یاساییان بەدەستەوە نییە، بەڵام ئەم بەڕێزە تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 رۆژێک دەبێت راسپێردراوە گفتوگۆیەکانی خۆی دەستپێکردووە لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکانیش قسە دەکات، قسە لەگەڵ تاک بە تاکی ئەندامانی پەرلەمانیش دەکات لەو کوتلانەی کە ناڕازین، لە حاڵەتێکدا ئەگەر کوتلەکانیشیان رازی نەبوون، چەند ئەندام پەرلەمانێک رازی بکات بەدەر لە کوتلەکانیان دەنگی پێ بدەن. 

رووداو: ئەمە روودەدات؟ بەشیر حەداد: بەڵێ دەکرێت، لەوانەیە لەنێو هەندێک لە کوتلەکان ئەندامێکی ئەو کوتلەیە بەدەر لە کوتلەکەی دەنگ بدات. ئەمەش ئەگەر تەنها لەنێو فراکسیۆنە کوردییەکان نەبێت، دەنا لەنێو فراکسیۆنەکانی دیکە جاری وا هەیە بە پێچەوانەی ویستی فراکسیۆنەکانی خۆیان دەنگ دەدەن.

 رووداو: ئەو ژمارە پەرلەمانتارەی بەدەر لە فراکسیۆنەکانیان دەنگ دەدەن، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە کاریگەری هەبێت؟ 

بەشیر حەداد: ئەو بەڕێزە ئێستا هەوڵدەدات قسە لەگەڵ ئەو ئەندام پەرلەمانانە بکات، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت متمانەی ژمارەیەکیان بەدەست بهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە. دەتوانم بڵێم تاوەکو ئێستا لایەنی رازی و ناڕازی هاوسەنگن، جارێ بەدیار نەکەوتووە کامەیان زاڵە بەسەر لایەکەی دیکە. جیا لەوەش ئەو بەڕێزە لە گفتوگۆکانی خۆی بەردەوامە لەگەڵ کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان، لەم دواییانە لەگەڵ باڵیۆزی هەر پێنج وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و چین) ئەمەش بۆ ئەوەیە هەم بتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لۆبی دروست بکات، سەبارەت بە لایەنی کوردیش تاوەکو ئێستا دووجار لەگەڵ بەڕێز فوئاد حوسێن کۆبووەتەوە و باسی بەرنامەی حکومەتەکەی بۆ کردووە، باسی ئەوە دەکات چۆن بتوانن لەگەڵ کورد گفتوگۆ بکەن، بەپێی زانیارییەکانیش رەنگە لەو ماوەیە سەردانی کوردستانیش بکات. 

رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا عەدنان زورفی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی کوردی کۆببێتەوە؟ 

بەشیر حەداد: ماوەکەی بەدەست ماوە، گرنگ نییە لەسەرەتا بێت یان لە ناوەڕاست بێت یانیش لە کۆتایی ماوەکەی بێت، دیار نییە کەی دێت، بەڵام وا بڵاوکراوەتەوە کە لەم نزیکانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، رەنگە لەبەر بارودۆخی کۆرۆنا بێت کە هەندێک دوایخستبێت، یانیش مەبەستی بێت لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا کۆببێتەوەو شتێکی پێبێت بۆ ئەوەی بێت لەگەڵ کوردیش قسە بکات و بڵێ من لەگەڵ ئەو لایەنانە ئەو بەڵێنانەم وەرگرتووە. ئەوکات بەدیار دەکەوێت ئایا ئەو بەڕێزە بەڵانسەکەی چۆنە؟ بەرەو ئەوەیە دەنگی پێبدرێت یان دەنگی پێنەدرێت.

 رووداو: ئەگەر عەدنان زورفی نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، لە پەرلەمان باس لە چ چارەسەرێک دەکرێت؟

بەشیر حەداد: ئەگەر نەیتوانی حکومەت پێبکهێنێت، ئەوکات چەند بژاردەیەکمان بەدەستەوەیە. ئەگەر ئەمجارە شیعە بۆخۆیان رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک بە رێککەوتنی هەموویان، یانیش ئەوەیە رێکبکەون دووبارە دەنگ بدرێتەوە بە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە کارەکەی.

 رووداو: پێتوایە ئەمە رووبدات داوا لە عادل عەبدولمەهدی بکرێت ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟ 

بەشیر حەداد: ئەمە یەکێکە لە بژاردەکان و دووریش نییە، چونکە ئەگەر دیسان لایەنی شیعی لەسەر بەربژێرێک رێکنەکەون، چی دەکەن؟ خۆ ناکرێت وڵات بەو شێوازە بەڕێ بکرێت. دەبێت رێگە بدرێت بە عادل عەبدولمەهدی یان بە شێوازی کاربەڕێکەر یان دووبارە متمانەی پێبدرێتەوە کاری حکومەتەکەی بەڕێوەببات، یانیش دوایین شت ئەگەر هەر نەکرا، رەنگە روو لە بژاردەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بکرێت و بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت بچین.

 رووداو: لەم بارودۆخە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت هەیە؟ 

بەشیر حەداد: نەخێر، زۆر ئاستەمیشە و ناشکرێت، بەڵام ئەمانە بژاردەن.

 رووداو: بژاردەی هەرە بەهێز چییە؟ 

بەشیر حەداد: ئەگەر لە ئەنجامی متمانە نەدان یان سەرنەکەوتنی بەڕێز زورفی لەم کاتەدا، یان ئەوەیە ماڵی شیعە بۆخۆیان رێکدەکەون لەسەر بەربژێرێکی دیکە و بە زووترین کاتیش دەنگی لەسەر دەدەن، یانیش متمانە بە عادل عەبدولمەهدی نوێدەکەنەوە.

 رووداو: کەمدەرامەت و کرێکاران لە رووی ئابوورییەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخیان زۆر خراپە، لە زۆر شوێنی دونیا حکومەت دەستیکردووە بە هاوکاریکردنی کرێکاران و کەمدەرامەتان. ئایا پەرلەمانی عێراق بەنیازی دانیشتنێک نییە بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت حکومەتی عێراق هاوکاری کرێکاران و کەمدەرامەتەکان بکات کە ئەم بارودۆخە وای لێکردوون بارودۆخی ئابوورییان زۆر خراپ بێت؟ 

بەشیر حەداد: پەرلەمانی عێراق بەردەوام لەسەر خەتە، ئێمە ئەگەرچی لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان دەوامیش ناکەین لەبەر ئەو بارودۆخە و قەدەخەی هاتووچۆ، بەڵام بەردەوام لەسەر خەتین لەگەڵ یەکدی، وەکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەردەوام لەسەر خەتین و راوێژ بە یەکدی دەکەین و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە کۆبوونەوە دەکەین. ئەو لیژنەیەشی کە لەم دواییە لەناو پەرلەمان پێکهێندرا وەکو شانەی بەدواداچوون و چاودێریکردن بۆ شانەی قەیرانەکانی حکومەت بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، بەردەوامن لە کارەکانی خۆیان و کۆبوونەوەکانیان. یەکێک لەو شتانەی کە داواکراوە ئێمەش بە نووسراوێکی فەرمی داوامان لە حکومەت کردووە پێویستە بە زووترین کات چاو بە بارودۆخی ئەم چینەدا بخشێندرێتەوە کە کەمدەرامەتن و ئەوانەی بژێویان لەسەر کاری رۆژانە بووە. 

رووداو: چیتان بۆ ئەوانە داوا کردووە؟

 بەشیر حەداد: بڕە پاریەکی بڕاوە بەو چینە بدرێت کە مانگانە لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت بۆ ئەو یەک دوو مانگە. کێشەیەکی دیکەشمان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری خۆپیشاندەران یەکێک لەو یاسایانەی لەنێو پەرلەماندا کارمان لەسەری کرد، هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی بوو، ئەوەبوو کە چوار مەوالیدمان بە یەکەوە خانەنشین کرد بۆ ئەوەی پلەی وەزیفیمان هەبێت و خەڵک دامەزرێنین. ئەم چوار مەوالیدەی کە ئێستا خانەنشین کراون ماوەی چوار مانگ دەبێت تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە، چونکە رێوشوێنەکانی خانەنشینییان تەواو نەبووە. ئەوانەش کێشەن کە زیاتر لە 1200 خانەوادەن لە عێراق، بۆ ئەوەش داوامانکردووە سولفەیەکیان پێبدرێت، بۆ نموونە یەک ملیۆن دینار بۆ هەر یەکێک لەوانە بدرێت تاوەکو مامەڵەی خانەنشینییان تەواو دەبێت. پێویستیشە حکومەت بە زووترین کات چارەسەری ئەو بابەتە بکات، ئەگەرنا ئەمە مەترسییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.

 رووداو: ئەگەر پەرلەمان بڕیارێکی لەم شێوەیە بدات، ئایا وادەکەن حکومەتی عێراق ئەو هاوکارییە بە خەڵکی کەمدەرامەت و هەژاران و کرێکارانیش بدات لە هەرێمی کوردستان؟

 بەشیر حەداد: دەبێت بیدات، بە هەرشێوەیەک بێت دەبێت پەیدای بکات، ئەگەر بە بەکارهێنانی یەدەگی خۆشی بێت، کە نزیکەی 38 ملیار دۆلار یەدەگمان هەیە، بە دەیان تۆن زێڕیش یەدەگ هەیە، ئەگەرچی دەستبردن بۆ یەدەگ شتێکی باش نییە لەبەر ئەوەی بەهای دراوی عێراق و ئابووری عێراق لە دامەزراوە ئابوورییەکانی جیهاندا نزم دەبێتەوە، بەڵام چار ناچارییە. ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوامی هەبوو دەبێت دەست ببرێت بۆ ئەو بڕە پارەیەی کە لە یەدەگدا هەیە. من لەو باوەڕەدانیم زیاتر لە 10-15 رۆژی دیکە ئەو بارودۆخە بڕوات، رەنگە بارودۆخەکە بەرەو باشتر بڕوات، رەنگە قورسایی کۆرۆنا هەندێک کەمتر ببێتەوە، رەنگە حکومەت متمانە بەدەست  بهێنێت و بکەوێتە سەر کار، ئەگەر حکومەتیش بکەوێتە سەر کار و حکومەتێک بێت بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە، دەتوانێت کاروبارەکان بەڕێوە ببات، ئەوکات دەتوانێت لە وڵاتان  و بانکی نێودەوڵەتی قەرز وەربگرێت، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستا دابینکردنی بڕە پارەیەک کەمدەرامەت و ئەوانی بژێویان لەسەر کاری رۆژانەیە و بۆ خانەنشینەکان ئەمە شتێکی زۆر گرنگە، ئەگەر ئەمە بۆ عێراق بکرێت بەشی هەرێمی کوردستانیشی لێدەدرێت. 

رووداو: کۆنگرێسی ئەمریکا ئەم ماوەیە بەردەوام لەسەر خەتە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لەو بارودۆخەی کۆرۆنا بەسەریهێناوە، ئەو بێدەنگییەی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانیش، ئایا ئەو بێدەنگییە جێگەی رەخنە نییە؟ 

بەشیر حەداد: کارو چالاکی پەرلەمان تەنها ئەوە نییە لەناو باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە بکەن، ئێمە کە لە باڵەخانەی پەرلەمانیش نین، بەڵام بەردەوام لە بەدواداچوونداین ، پەرلەمان هەموو کارێکی خۆی دەکات و پێویست ناکات دانیشتنێک بکرێت، چونکە بارودۆخەکە رێگە بەوە نادات 329 کەس بە یەکەوە دابینیشن، بە تایبەتی بەغدا. کە بەراورد بە کوردستان بارودۆخەکە قورسترە لە لایەنی تەندروستییەوە. لەسەر ئاستی سیاسی و چاودێریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتدا بەردەوامین لەگەڵیان و رۆژانە پەیوەندیمان هەیە. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە دەوامت نەکرد لە پەرلەمان مانای ئەوەیە دەوام ناکەی، نەخێر. پاشان ناکرێت بارودۆخی ئەمریکا لەگەڵ عێراق وەک یەک سەیر بکەین، ئەمریکا حکومەت و سیستەمێکی هەیە، لە ئەمریکا دەوڵەت شکۆی هەیە، لە عێراقدا ئێستا حکوم نەماوە، ئەوەی کە بەڕێوەی دەبات شانەی قەیرانەکانە، لەگەڵ چەند وەزارەتێک و چەند بەرپرسێک، ئەوانەش کارە کارگێڕییەکان بەڕێوە دەبەن، دەنا قورسایی بنچینەیی دەوڵەت لە عێراقدا نەماوە، بۆیە لە بەردامبوونی حکومەتی کاربەڕێکەر بەم ماوە درێژە ئەمە وایکردووە کە دەستەوەستان بێت و نەتوانێت هەموو بڕیارێک بدات و یاساکان جێبەجێ بکات، بۆیە دەڵێم پێویستە بە زووترین کات ئەم حکومەتە پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیارێک بدات و بارودۆخەکە چاک بکاتەوە. 

رووداو: ئەو ماوەیە مووچەی فەرامانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوت، عێراق خاوەنی 63 ملیار دۆلار پارەی یەدەگە، چیدەکەن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات؟ 

بەشیر حەداد: مووچەی فەرامانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەتا ئەوکات مووچەی عێراق بدرێت مووچەی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت. راستە ئێستا بە دابەزینی نرخی نەوت عێراق گورزێکی ئابووری زۆر گەورەی بەرکەوتووە و داهاتەکەی زۆر کەمبووەتەوە، ئەو داهاتەی ئێستا لە نەوت بەدەستی دەکەوێت بەشی مووچەکەی ناکات، چونکە ئەوەی بۆخۆی دەمێنێتەوە یەک ملیار دۆلارە لە دهاتی نەوت، لەکاتێکدا تەنها بۆ مووچە پێویستی بە 3 ملیار 500 ملیۆن دۆلار هەیە. بۆیە پێویستی بەوەیە قەرز بکات، بەهەرحاڵ عێراق دەوڵەتە ئەگەرچی ئێستا حکومەتەکەی کاربەڕێکەرە و دامەزراوەکانی ماوە و دەتوانن کارەکان بکەن. بۆیە تا ئەوکاتەی عێراق بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، مووچەی هەرێمی کوردستانیش مسۆگەرە، بەڵام خوانەخواستە کە کار گەیشتە ئەوەی حکومەتی عێراق نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، ئەوکات لە کوێ مووچەی هەرێمی کوردستان بدات. 

رووداو: باست لەوەکرد کە ئێستا عێراق بە قۆناخێکی سەختی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت. لەدوای ساڵی 2003وە بە قۆناخەدا تێپەڕیوە؟

 بەشیر حەداد: هەرگیز وانەبووە لە 2003وە تاوەکو ئێستا ئەم بارودۆخە ئابووری، تەندروستی، سیاسی و ئەمنییە نەهاتووەتە ئاراوە. ئێستا بارودۆخی ئەمنی لە عێراق باش نییە، رۆژانە مووشەکبارانی بەغدا و ناوچەی سەوز و بنکە سەربازییەکان دەکرێت، لەلایەکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکان وردە وردە دەکشێنەوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا رەنگە بەهێزبوونەوەی داعش و گرووپە تووندڕۆیەکانی لێبکەوێتەوە، بۆیە بارودۆخەکە بارودۆخێکی ئەمنی ناهەموارە و باش نییە، بارودۆخە تەندروستییەکەش وا لەبەرچاوانە، سیستەمی تەندروستی عێراق زۆر لاوازە لەچاو ئەو بارودۆخەی ئێستا، هیچ کاتێک عێراق بە قەیرانێکی وادا تێنەپەڕیوە، لەلایەک دابەزینی نرخی نەوت، بارودۆخی ئەمنی و تەندروستی. بۆیە ئەمە بارودۆخێکی خراپە. بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەچاو بەغدا 100 جار باشترە، لە رێککارە تەندروستییەکان هەرێمی کوردستان زۆر لەپێشترە لە بەغدا و پلانەکەی تۆکمەترە و زیانەکانیش لەچاو بەغدا کەمترە.

 رووداو: چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە لە پەرلەمانی باس لەوە دەکەن کە عێراق لەو مانگەدا دوو مووچەی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم یەک مووچەی دابەشکردووە، راستی ئەو بابەتە چییە؟ 

بەشیر حەداد: ئێمە هەتا مووچەی مانگێک لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین، زۆر سەختی دەبینین، بەغدا بە منجە منج و دواخستن و هەموو بیانوویەک دەیەوێت مووچەی هەرێمی کوردستان دوابخات، دەشبینی ئەوە چەند مانگێکە دوا دەکەوێت، بەغدا بەم حاڵە مووچەی هەرێمی کوردستان دەدات چۆن ئەقڵ قبووڵ دەکات بەغدا دوو مووچە لە یەک مانگدا بداتە کوردستان. 

رووداو: راستی ئەو بابەتە چییە؟ 

بەشیر حەداد: مووچەی مانگی پێشوو دواکەوت، مووچەی ئەو مانگەش ئێستا لەکاتی خۆی دەدرێت، ئەو دوو مووچەیە لەیەک نزیک بوو بۆیە خەڵک وا دەزانێت دوو مووچە لە مانگێک دراوە، زەحمەتی زۆریش دەبینین لە دابینکردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com