ئەنوەر عەنەبی سەرۆكایەتی دەكات، بزووتنەوەی ئیسلامی، هەیئەتێكی عەسكەری دادەمەزرێنێت
نوچە: تایبەت
بزووتنەوەی ئیسلامی هەئیەتێكی عەسكەری دادەمەزرێنێت و رایدەگەیەنن، كە هەر داگیركەرێك بیەوێت كوردستان داگیربكات، رووبەڕووی دەوەستنەوە، بەڵام بۆ شەڕی داعش، هێشتا شورای ئەو حیزبە بڕیاری لەسەر نەداوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی نوچە، بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق، هەیئەتێكی عەسكەری دادەمەزرێنێت و تێكڕای پێشمەرگە خانەنشینەكانی لە ژێر فەرمانی ئەو هەیئەتەدا كۆ دەكاتەوە و حاجی ئەنوەر عەنەبیش دەكاتە بەرپرسی یەكەمی هەئیەتەكە.
لە لێدوانێكدا بۆ نوچە، حاجی ئەنوەر عەنەبی زانیارییەكانی پشت راست كردەوە، وتی “بۆ بەدەنگەوە هاتنی بانگەوازەكەی سەرۆكی هەرێم، كە داوای كردبوو پێشمەرگە خانەنشینەكان بگەڕێنەوە سەر كارەكانی خۆیان، ئێمەیش ئەو هەیئەتەمان درووست كرد و ئێستایش هەیئەتەكە هەیە”، حاجی ئەنوەر لە بارەی كۆكردنەوەی لایەنگرانیان لە دەوری هەیئەتەكە و چەكداركردنیان وتی “ئەوە جارێ رووی نەداوە، چونكە لە دوای هاتنی سوپای ئەمریكییەوە بۆ عێراق، بەشێكی زۆری هێزە كوردستانییەكان چەكیان دانا و ئێستایش رەنگە حكومەتی هەرێم رێگە بە چەكداركردنی لایەنگرەكانمان نەدات”.
حاجی ئەنوەر لە بارەی بەرگری كردن لە كوردستانەوە وتی “هەر داگیركەرێك بیەوێت كوردستان داگیر بكات و رەشە كوژی و كاولكاری درووست بكات، رووبەڕووی دەبینەوە”، بەڵام بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش وتی “داعش تا ئێستا هەڵوێستیان روون نیە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، نەیانوتووە كە ئایا هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان یان نا، بۆ شەرڕی داعشیش پێویستمان بە بڕیاری شورا هەیە، كە تا ئێستا ئەو بڕیارەیش نەدراوە”.
حاجی ئەنوەر دەربارەی حوكمە شەرعییەكان بۆ بەرگری لە كوردستان وتی “هێشتا هێرش نەكراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، هەركاتێك شتێكی وا رووی دا، بابەتە شەرعییەكانیش دێنە پێشەوە”.