پەرلەمانی كوردستان بۆ كوردانی رۆژئاوا: ململانێكانتان وەلانێن
نوچە: هەولێر
لە راگەیاندراوێكدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، دەستخۆشی لە بەرخودانی كوردانی رۆژئاوا دەكات، بۆ بەرگری كردن لە كانتۆنی كوبانی، هەروەها داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات كە ململانێكانیان وەلا نێن و “یەك دەست و یەك هەڵوێست رووبەڕووی مەترسیەكان ببنەوەو رێگە بەدوژمنانی كورد نەدەن مەرامەكانیان بێنەدی”.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیاندراوەكەی خۆیدا داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبی دەكات، كە بە بەرپرسیارێتییەوە لە دۆخی كوردانی رۆژئاوا بڕوانن و هەرچی زووە دەرگای هاوكاری و یارمەتییە مرۆییەكان بەڕووی كوبانیدا بكەنەوە و رێ لە روودانی كارەساتێكی مرۆیی و كۆمەڵكوژی لە دژی كوردی ئەو ناوچەیە بگرن.
هەروەها لە راگەیانگدراوەكەدا هاتووە ” داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وهێزە سیاسییەكانی پارچەكانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكەین هەستیاری دۆخەكە لەبەرچاو بگرن، و بەهەرشێوەیەك كە بە گونجاوی دەزانن، و پێیان دەكرێت پشتیوانی لە برا كوردەكانیان بكەن بەسەرجەم بیروبۆچوون وهێزە جیاوازەكانیانەوە لە رۆژئاوای كوردستان، بە زووترین كات بە هانایانەوە بچن و لەم كاتەدا ببنە پشت و پەنا بۆیان”.
دەقی راگەیەندراوەكە
راگەیەندراوێك لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە سەبارەت بە دۆخی كۆبانی
ماوەیەكە ناوچەی كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان لە لایەن گروپە چەكدارەكان رووبەڕووی پەلامارێكی رێكخراوی رۆژانە بوەتەوە و بەهۆیەوە هەڕەشەی جیدی لە سەر خەڵكی سڤیل و خۆراگری ئەو ناوچەیە دروست بوەو و ئەو ئارامی و ئازادیەی كە لە ماوەی رابردودا لەو ناوچەیەدا بەرقەرار بوە روبەڕوی مەترسی بوەتەوە. ئەوەی جێگەی مەترسیە ئەو پەلامارانە بەوردی نەخشەی بۆ داڕێژراوەو بە چەكی قورس و ئەو جبەخانە زۆروزەبەندە ئەنجام دەدرێت كە گروپە چەكدارەكان لە عێراق دەستیان كەوتوە.
سەرۆكایەتی پەرلەمای كوردستان وێڕای دەست خۆشی لەو بەرخۆدان و خۆڕاگریەی كچان و كوڕانی گەلەكەمان لەو بەشەی كوردستان كە بونەتە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەو دەسكەوت و ئازادیەی كە بە خوێنی خۆیان بە دەستیان هێناوە، لە هەمانكاتدا داوا لە هەموو هێزە سیاسیەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەین هەرچی زووە ناكۆكی و ململانێكانیان بەلاوە بنێن، و لەو هەلومەرجە دژوار و ناسكەدا كە هەڕەشە لە ئایندەی گەلەكەمان دەكرێت، یەك دەست و یەك هەڵوێست رووبەڕووی مەترسیەكان ببنەوەو رێگە بەدوژمنانی كورد نەدەن مەرامەكانیان بێنەدی.
هاوكات داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپاو كۆمكاری عەرەبی دەكەین بە بەرپرسیارێتیەوە بڕواننە دۆخی كوردانی رۆژئاوا و هەڕچی زووە دەرگای هاوكاری و یارمەتیە مرۆییەكان بەڕوی خەڵكی كۆبانیدا بكەنەوە، ورێگە لە روودانی كارەساتێكی مرۆیی و كۆمەڵكوژی لەدژی كوردانی ئەو ناوچەیە بگرن.
هەروەها داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وهێزە سیاسییەكانی پارچەكانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكەین هەستیاری دۆخەكە لەبەرچاو بگرن، و بەهەرشێوەیەك كە بە گونجاوی دەزانن، و پێیان دەكرێت پشتیوانی لە برا كوردەكانیان بكەن بەسەرجەم بیروبۆچوون وهێزە جیاوازەكانیانەوە لە رۆژئاوای كوردستان، بە زووترین كات بە هانایانەوە بچن و لەم كاتەدا ببنە پشت و پەنا بۆیان .
نەمری بۆ شەهیدان، سەركەوتن بۆ خەباتی رەوای گەلی كوردستان
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان