نەوزاد عەلی: سلێمانی
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناکۆکی ناو ماڵی شیعە لەسەر کاندیدکردنی عەدنان زورفی بەردەوامە و تائێستاش نەبووەتە کاندیدی شیعەکان.
ڕۆژی ١٧-٣-٢٠٢٠ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق، عەدنان زورفی، وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکرد، بەربژێرکردنی ئەم کەسە ناو ماڵی شیعەکانی دابەشکردووە بۆ دووبەش، بەشێکیان پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدکردنی دەربڕیوە و بەشێکیان دژایەتی دەکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، رایگەیاند: تا ئێستا عەدنان زورفی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، هیچ دانوستاندن و گفتوگۆیەکی لەگەڵ لایەنە کوردستانی و سوننەکان نەکردووە، لە بارەی پێکهێنانی حکومەت.
جەمال کۆچەر گوتیشی “ناکۆکی ناو ماڵی شیعەکان لەسەر کاندیدکردنی عەدنان زروفی بەردەوامە و تائێستاش نەبووەتە کاندیدی شیعەکان، لەو بڕوایەدانیم کە بتوانێت لە ماوەی دیاری کراودا متمانەی شعەکان بەدەستبهێنێت، بۆیە پێشبینی دەکەم دەست بکێشێتەوە لەکاندید کردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران”.