نوچە
ئەمڕۆ (پێنجشەممە ٢٦-٣-٢٠٢٠)، وەزیری تەندروستی هەرێم دڵنیایی دا، رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەڵكشاندا نییە و لەئێستادا جگە لە خۆپاراستن، لە پرۆسەی كۆنترۆڵ و چارەسەردان.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم ە پرێس كۆنفرانسێكدا لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند: سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە و كارمەندەكانیان دەكەین بۆ ئەنجامدانی ئەو رێوشوێنانەی گرتویانەتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەر راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، وێڕای ئەوەی دوو جار بودجەی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابینكراوە، هەرچییەكی دیكەمان پێبكرێت پشتیوانیان دەكەین.
وەزیری تەندروستی گوتیشی “كەمبونەوەی ژمارەی توشبووان لە رۆژێك بۆ رۆژێكی دیكە دەگۆڕێت، ئەگەر كەسێك توش دەبێت، ئەوە بە تەنها نییە، بەڵكو ئەوانەی سەردانی كردون و خێزانەكەی و ئەوانەی بەركەوتنی لەگەڵی هەبووە، ئەوانەش بە گومانلێكراو دادەنێین و كەرەنتینیان دەكەین، دڵخۆشین بەوەی ژمارەكە بەرەو كەمبونەوە دەچێت، بەتایبەتی ئەو شار و شارۆچكانەی لەئێستادا لە كەرەنتینن”.
سامان بەرزنجی گوتیشی “لەسەرەتای دەستپێكردنی رێوشوێنەكان، ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر گەشتیار بو وەك هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوە و فاكتەری هێنانی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستا تەنها گەشتیار نییە، بەڵكو ئەوانەشن، كە گومانیان لێدەكەین. سوپاسی هاوڵاتیان دەكەین، كە هاوكارمانن و لە ماڵەكانیاندان، ئێمە لەئێستادا لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین، لەگەڵ ئەوەی خۆپاراستنیش بەردەوامە”.