نوچە
سەرۆکی پەرلەمان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران میکانیزمێکی گونجاو بدۆزێتەوە بەبێ ئەوەی کار بکاتە سەر تەندروستی گشتیی. هەروەها داوادەکات چاودێریی لەسەر خاڵە سنوورییەکان و رێکارەکانی هاتوچۆ لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق تووندتر بکەن.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 23-3-2020 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان لە قۆناخێکی چارەنوسساز و سەختدایە لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکانی سەدە، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەم، پێکەوە رووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە ببینەوە، داهاتووی هەموومان بەستراوەتەوە بە کاری پێکەوەییمان”.
رێواز فایەق لەهەمانکاتدا وێڕای دەستخۆشی و پشتیوانی بۆ رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوایان لێدەکات “میکانیزمێکی خێراتر بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و کارمەندانی ئەو وەزارەت و دامەزراوانە بدۆزنەوە, کە هێشتا موچەیان وەرنەگرتووە بە شێوەیەک کار نەکاتە سەر تەندروستی گشتیی. هەروەها دەخوازین چاودێریی لەسەر خاڵە سنوورییەکان و رێکارەکانی هاتوچۆ لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق تووندتر بکەن”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بە بڵاوبووەنەوەی کۆرۆنا لە جیهان دەکات و دەڵێت “هەواڵی تراژیدیای وڵاتە پێشکەوتووەکان، هەرچەندە سیستمێکی باشی تەندروستییان هەیە، هەموومان نیگەران دەکەن. گەورەترین وانە لێیانەوە فێربین ئەوەیە, کە دەبێت پابەندبین بە ڕێنماییەکان و وەک خۆیان جێبەجێیان بکەین، چونکە پشتگوێ خستنی ڕێنماییەکان تووشی کارەساتی گەورەمان دەکەن”.
رێواز فایەق دەشڵێت “کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە ئاستی خواست و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدی گەورە و تاقەت پڕوکێندا نییە، بەڵام لە گیانی لە خۆبردوویی و دڵسۆزیی و کارامەیی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی دڵنیاین و خاوەنی گەلێکی بە ئیرادەین و پێکەوە پابەندی رێنماییەکان دەبین تا بە کەمترین زیان ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنین”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەستخۆش-یش لە “کارمەندانی تەندروستی و پزیشکە ماندوونەناسەکان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، رۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی، کە لە پێشەوەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیەن دەکات”.
هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان دەکات، کە بەگوتەی ئەو “بەبێ ماندووبون و لێبڕاوانە سەرۆکایەتی تیمەکانیان دەکەن لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاکامەکانی”.
رێواز فایەق لە کۆتاییدا دەڵێت “لە پێناو پاراستنی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان و هەرێمەکەمان، رێنماییەکان جێبەجێ دەکەین، لە ماڵەوە دەمێنینەوە و ناهێڵین داهاتوومان بکەوێتە مەترسییەوە”.